رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەشت سندووقی هەولێر بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک و نەینەوا، پارتی پێشەنگە.
رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لە هەولێر، گوتی لە کاژێر 08:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 21-12-2023) جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکان لە نووسینگەی کۆمیسیۆنی هەولێر دەستیپێکردووە.
کۆی گشتیی سندووقەکانی هەولێر 35 سندووقن کە تایبەت بوون بە دەنگدانی هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکان لە دەنگدانی تایبەتدا.
رەنجە جەمال دەڵێ رێژەی دەنگە جیاکراوەکان لە سندووقەکاندا بەمشێوەیەیە:
دەنگە جیاکراوەکانی هاونیشتمانییانی کەرکووک لە هەشت سندووقەکە لە دەنگدانی تایبەتدا لە هەولێر:
پارتی: 1018 دەنگ
یەکێتی: 49 دەنگ
نەوەی نوێ: 34 دەنگ
دەنگە جیاکراوەکانی هاونیشتمانییانی نەینەوا لە هەشت سندووقەکە لە دەنگدانی تایبەتدا لە هەولێر:
پارتی: 801 دەنگ
یەکێتی: 45 دەنگ
لە دەنگدانی تایبەتدا لە کۆی 48 هەزار و 260 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و ئاوارە کە لە هەرێمی کوردستاندا دەژین، پێنج هەزار و 23 دەنگدەریان لە هەولێر بوون.
رۆژی شەممە 16-12-2023 دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد، بەڵام دوای تەواوبوونی دەنگدان، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لە هەندێک وێستگەدا دەنگەکانیان هەژمارنەکرد و دوایین راپۆرتیان نەخوێندەوە، بۆیە ئەمڕۆ لە عێراق لە دوو هەزار و 36 سندووق، دەنگەکان بە دەست دەژمێردرێنەوە.
رۆژانی شەممە و دووشەممەی ئەم هەفتەیە دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی 14 پارێزگای عێراق و کەرکووک بەڕێوەچوو. لە کۆی 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کەس کە مافی دەنگدانیان هەبوو لە دەنگدانی گشتی و تایبەت، 6 ملیۆن و 599 هەزار و 668 کەس دەنگیان دا.
19ـی کانوونى یەکەمى 2023 کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى بڵاوکردەوە. ئەو ئەنجامەى کۆمیسیۆن بڵاویکردەوە، 94.4%ى تێکڕاى ئەنجامى دەنگەکانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانە، 5.6٪ـی ئەنجامەکان دیکە کە ماون، پەیوەندارن بەو سندووقەکانەوە کە ژماردنى دەستیان بۆ دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ