رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، دانوستاندنەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت قۆناخی باشیان بڕیوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''بەم زووانە لەگەڵ پارتی دەست بە دانوستاندن دەکەینەوە.''
ئەمڕۆ پێنجشەممە 03-04-2025، زیاد جەبار، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ''قۆناخی باشی بڕیوە، ئینشائەڵڵا لە داهاتوویەکی نزیکیشدا کۆبوونەوەکان [لەگەڵ پارتی] بەردەوام دەبن.''
زیاتر لە پێنج مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕیوە. زیاد جەبار گوتی، کۆبوونەوەکانی شاندی دانوستاندنی یەکێتی و پارتی ''زۆر باش'' بەڕێوەچوون.
لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکان، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان گوتی: ''بێگومان ئەوەی شایستە و مافی یەکێتییە وەری دەگرین؛ بۆ داهاتووش لەسەر پرسی دابەشکردنی پۆستەکان کۆبوونەوە دەکرێت.''
بەگوتەی زیاد جەبار، تاوەکو ئێستا لەنێوان یەکێتی و پارتی هیچ رێکەوتنێک لەسەر دابەشکردنی پۆست و وەرگرتنی وەزارەتەکان نەکراوە، بەڵام پێدەچێت بەم زووانە هەردوولا لەو بارەوەش کۆببنەوە.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوون، دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و بەدوایدا نەوەی نوێ 15 کورسی بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ