رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، بۆ ماوەی حەوت مانگ، هاتووچۆی بارهەڵگر و ماتۆڕسکیلەکان لە رێگە گەشتیارییەکان لە رۆژانی هەینی و پشووەکان قەدەخەیە، بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانیش دەڵێت، ئەوان ساڵێکە ئەو بڕیارەیان داوە.
رۆژی پێنجشەممە، 3-4-2025، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر، ئاگادارینامەیەکی بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا هاتووە: "ئاگاداری شۆفێرانی بارهەڵگر و ماتۆڕسکیل دەکەینەوە، تاوەکو 1-11-2025 هەموو رۆژانی هەینی و پشووە فەرمییەکان هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و ماتۆڕسکیلەکان لە کاژێر 07:00ـی بەیانی تاوەکو 12:00ـی شەو لەو رێگەیانەی دەکەونە سەر شوێنە گەشتیاری و سەیرانگاکان قەدەخەیە."
لەبارەی هۆکاری بڕیارەکە هاتووچۆی هەولێر دەڵێت: "لەپێناو بەرژەوەندی گشتی، دروستنەبوونی جەنجاڵی، ئاستەنگی هاتووچۆ و سەلامەتی گەشتیارانە لەم رێگەیانە."
رۆژی پێنجشەممە، 3ـی نیسانی 2025، عەمید ئاسۆ محەممەد، بەڕێوەبەری ھاتووچۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ساڵێکە لە پارێزگای سلێمانی هاتووچۆی بارهەڵگرەکان لە رۆژانی هەینی و پشووە گشتییەکان لەسەر رێگەی دووکان، چوارتا و دەربەندیخان قەدەخەیە."
لەبارەی ماتۆڕسکیلەکانەوە بەڕێوەبەری ھاتووچۆی سلێمانی گوتی: "بۆ گەشتیاران کێشە دروست ناکەن، بڕیارەکەی ئێمە تەنیا بۆ بارهەڵگرەکانە."
هاوکات موقەدەم ئازاد تەها، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی دهۆک بە رووداوی گوت: "لای ئێمە هیچ بڕیارێکی لەم شێوەیە نییە، چونکە رێگەی بارهەڵگرەکان ناکەوێتە سەر شوێنە گەشتیارییەکان و هاووڵاتییان بێزار ناکەن، مەگەر لە کەمترین حاڵەتدا نەبێت، بۆیە پێویست بە بڕیاری وا ناکات لە پارێزگای دهۆک."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ