گۆڕانی گردی زەرگەتە کۆنفرانس دەکەن و گۆڕانی کوردساتیش دەڵێن پووچەڵە

03-04-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان (گردی زەرگەتە) دەڵێت، 5ـی نیسان لە سلێمانی سێیەمین کۆنفرانسی بزووتنەوەکە دەبەستن. باڵەکەی دیکەش، کە بە گۆڕانی کوردسات ناسراون، دەڵێن، "ئەم کۆنفرانسە یاسایی نییە و کۆمیسیۆن بەشداری ناکات."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2025-04-03، یاسین حەمەعەلی، لێپرسراوی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان (گردی زەرگەتە) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "5ـی نیسان لە سلێمانی سێیەمین کۆنفرانس دەبەستین، بەستنی کۆنفرانس پاڵپشتە بە بڕیارەکانی کۆمیسیۆن و فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکان."
 
رۆژی 2025-02-20، فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکان بە نووسراوی ژمارە 207 داوای لە گۆڕان کرد کۆنفرانس ببەستن.
 
لێپرسراوی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان (گردی زەرگەتە) دەڵێت، هەموو ئامادەکارییەک کراوە و بڕیاریانداوە کاژێر 10:00ـی بەیانی رۆژی 2025-04-05، لە هۆڵی کۆنفرانس لە گردی زەرگەتە سێیەمین کۆنفرانس ببەستن.
 
دەستەکە بۆ بەستنی کۆنفرانس، بانگهێشتی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکان، لیژنەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بەغدا بۆ سەرپەرشتیکردنی کۆنفرانسەکە، هەروەها بانگهێشتی میدیاکارانیش دەکات.
 
 رۆڤان سەروەت، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و رێگەپێدراوی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پارێزگای سلیمانی (گۆڕانی کوردسات) بە رووداوی گوت: "ئەم کۆنفرانسە یاسایی نییە و پووچەڵە، چونکە کۆمیسیۆن من و کاک یاسینی ئاگادارکردووەتەوە کە دەوام کرایەوە، بە نووسراوی فەرمی رۆژێکی دیکە بۆ کۆنفرانس دیاری دەکەن و لە گردەکە نابێت."
 
وەکو ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان (بەرەی کوردسات) دەڵێت: "کۆمیسیۆن شەممە بەشدار نابێت لەو کۆنفرانسە، هەر کۆنفرانسێکیش کە دەکرێت دەبێت لەژێر چاودێری و بەشداری کۆمیسیۆن بێت، بە پێچەوانەوە نایاساییە و پووچەڵە."
 
بزووتنەوەی گۆڕان بەسەر دوو بەرە (گۆڕانی گردی زەرگەتە و گۆڕانی گەڕەکی کوردسات) دابەشبووە. بەرەی گەڕەکی کوردسات، دووی شوباتیان بۆ بەستنی کۆنگرە دیاری کردبوو، بەڵام کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق 29ـی کانوونی دووەم رایگەیاند، ''پەلە نەکرێت لە بەستنی کۆنگرە لەو رێککەوتەدا. بە گوێرەی ئەو داوایەی لە دەستەی گشتیی حیزبەکەوە نێردراوە.''
 
بە گوێرەى نووسراوێک کە هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى کاروبارى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان لە 26ـى ئادارى 2025، ئاراستەى نووسینگەى سلێمانیى کۆمیسیۆنى کردووە، ئاماژەى بەوە داوە کە لەسەر بنەمای داواکارییەکی نوێ کە دەستەى گشتیی بزووتنەوەى گۆڕان پێشکێشکی کردووە، کاژێر 10ـى بەیانی، 5ـی نیسانى 2025، کۆنگرەى بزووتنەوەى گۆڕان دەکرێت. 
 
ئەو وادەیە لەسەر بنەمای بڕیارێکى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران بووە کە 4ـى ئادار دەریکردبوو، کە دەبێت تاوەکو 10ـى نیسان ئەو کۆنگرە بکرێت.
 
ناکۆکییەکان لە چییەوە دروستبوون؟
 
19ـى ئەیلوولی 2024، عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، بریکارنامەی گشتیی بە زیاتر لە 100 دەسەڵاتەوە بۆ دانا ئەحمەد مەجید کرد و سەرجەم دەسەڵاتەکانی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە پێ سپارد، ئەو هەنگاوە بزووتنەوەى گۆڕانى کرد بە دووبەرەى دژ بەیەک کە یەکێکیان، زۆرینەى جڤاتى گشتین لە گردى زەرگەتە، ئەوى دیکەیان دانانى ئەحمەد مەجید، رێکخەرى گشتى و  زۆرینەى جڤاتى نیشتمانین.   
 
رۆژی 28-09-2024، بەشێک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی، رێوڕەسمێکیان بۆ رێزلێنان و ماڵئاوایی لە عومەر سەیدعەلی، رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان و دەستبەکاربوونی دانا ئەحمەد مەجید وەکو رێکخەری نوێی بزووتنەوەکە رێکخست.
 
بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەکە لە پارکی ئازادی دوای ئەوە بوو، کوڕانی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری کۆچکردووی بزووتنەوەکە بۆ رێگری لەو رێوڕەسمە رۆژی هەینی (27-09-2024) دەرگای مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕانیان بە بەربەستی کۆنکرێتی داخست، دەوام لە ژوور و دامەزراوەکانی بزووتنەوەکەش راگیرا.
 
دوای ئەو ناکۆکییانە، 4ـی 10ـی 2024، بزووتنەوەی گۆڕان و رێکخەرە نوێیەکەی بارەگایەکی نوێیان لە گەڕەکی کوردسات لە شاری سلێمانی کردەوە و رەتیانکردەوە، جارێکی دیکە بگەڕێنەوە گردی زەرگەتە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بژمێرێک لەکاتی کارکردن لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزارەتی پلاندانان: عێراق هۆکاری دواکەوتنی شایستە دارایییەکانی بژمێرەکانە

ئەمڕۆ بژمێرەکانی سەرژمێری گردبوونەوە داوای دامەزراندن و شایستە دارییەکانی مانگی کانوونی یەکەمی 2024یان کرد. وەزارەتی پلاندانان دەڵێت، "بەردەوام بەدواداچوونمان بۆ داواکاریی بژمێرەکان کردووە."