رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت، کۆمپانیای دانەگاز بۆ سێ هەفتە چاکسازی لە کێڵگەی کۆرمۆر دەکات. بەرپرسێکی کارەبا دەڵێت، چاکسازییەکە لەو ماوەیەدا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کارەبا.
لە راگەیێندراوەکەدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ هاتنی وەرزی هاوینی ئەم ساڵ، کۆمپانیای (دانە گاز) هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی پڕۆسەی سازدانەوە و چاکسازی لە کێڵگەی کۆرمۆر. ئەم پرۆسەیە لە کاتژمێر 12ـی ئەمشەوەوە دەستپێدەکات و سێ هەفتە دەخایێنێت".
ئەندازیار غالب محەممەد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چاکسازییەکە کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی پێدانی کاژێرەکانی کارەبا، بەڵام ئێستا وەرزەکە گونجاوە و خواست لەسەر کارەبا کەمترە".
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، هەریەک لە وەزارەتی کارەبا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیای دانە گاز هاوئاهەنگی نزیکیان دەبێت بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو ئەنجام بدرێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی کارەبا، "چاوەڕوان دەکرێت لە رێگەی ئەنجامدانی پرۆسەکەوە ئاستی خزمەتگوزاری کارەبا لە وەرزی هاویندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ