دەرباز کۆسرەت رەسووڵ: لە کۆبوونەوەکانی داهاتووماندا لەگەڵ پارتی باس لە دابەشکردنی پۆستەکان دەکەین

03-04-2025
پەیمان محەممەد
دەرباز کۆسرەت رەسووڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
دەرباز کۆسرەت رەسووڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی دەڵێت، تاوەکو ئێستا کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت ''ئەرێنی'' بوون؛ گوتیشی، لە کۆبوونەوەکانی داهاتوویاندا باس لە دابەشکردنی پۆستەکان دەکەن.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 03-04-2025، دەرباز کۆسرەت رەسووڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە سلێمانی، دانوستاندنەکانی یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت بە ''ئەرێنی'' ناوبرد و رایگەیاند، ''دوایین کۆبوونەوەمان لەگەڵ پارتی تایبەت بوو بە ئامادەکردنی رەشنووسێک بۆ دیدگایەکی هاوبەشی حوکمڕانی، ئێستا ئەو بابەتە تەواو بووە.''
 
زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕیوە، بەڵام تائێستا کابینەی نوێی حکومەت پێکنەهێنراوە. دەرباز کۆسرەت رەسووڵ ئاماژەی بەوە کرد، کۆبوونەوەکان کە بەهۆی پشووەکانی جەژنەوە وەستابوون، دووبارە دەستپێدەکەنەوە، گوتیشی: ''لە دانوستاندنەکانی داهاتووی یەکێتی و پارتیدا بۆ پێکهێنانی حکومەت، باس لە دابەشکردنی پۆستەکان دەکرێت.''
 
لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکان، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی گوتی، ''تائێستا هیچ پێشنیازێک نەکراوە، بێگومان بۆ ئەو پۆستانەی کە بەرکەوتەی یەکێتین، کەسانێک دەستنیشان دەکرێن کە خزمەتکاری سەرسەختی خەڵک بن.''
 
دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ ستراتیژیی حیزبەکەی بۆ بۆ بەشداریکردنی لە حکومەت بە ''هاوبەشی راستەقینە''ـی دەسەڵات دەزانێت، ''بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بتوانین خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکەین و پارێزەری سەرسەختی قەوارەی هەرێمی کوردستان بین.''
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسیی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو، دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و نەوەی نوێ 15 کورسییان بەدەستهێنا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بژمێرێک لەکاتی کارکردن لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزارەتی پلاندانان: عێراق هۆکاری دواکەوتنی شایستە دارایییەکانی بژمێرەکانە

ئەمڕۆ بژمێرەکانی سەرژمێری گردبوونەوە داوای دامەزراندن و شایستە دارییەکانی مانگی کانوونی یەکەمی 2024یان کرد. وەزارەتی پلاندانان دەڵێت، "بەردەوام بەدواداچوونمان بۆ داواکاریی بژمێرەکان کردووە."