رووداو دیجیتاڵ
دەنگی زیاتر لە 100 سندووق لە کەرکووک بە دەست دەژمێردرێن و لە دەنگە جیاکراوەکانی 15 سندووق تائێستا، لیست و هاوپەیمانییە عەرەبییەکان لەپێشەوەن و لە کوردییەکانیش، یەکێتی بە 58 دەنگ لەپێش لیستە کوردستانییەکانی دیکەوەیە.
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک گوتی لە کۆی دەنگەکانی 15 سندووق کە تاوەکو کاژێر 11:30ـی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 21-12-2023) بەدەست جیاکراونەتەوە و ژمێردران، ئەنجامەکان بەمشێوەیەن:
یەکێتی: 58 دەنگ
پارتی: 14 دەنگ
نەوەی نوێ: 3 دەنگ
هاوپەیمانیی عەرەبی: 167 دەنگ
عرووبە: 221 دەنگ
کەرکووکونا: 26 دەنگ
قیادە: 112 دەنگ
بەرەی تورکمانی: 8 دەنگ
20 هەزار دەنگ، لەنێو 112 سندووقی دەنگدانی گشتى و تایبەتى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگان لە کەرکووک، کە ئەمڕۆ لەلایەن کۆمیسیۆنەوە بە دەست دەژمێردرێن، بەهۆی ئەوەی پێشتر نەتوانراوە زانیاریى دەنگدان بە راپۆرتی ئەلیکترۆنی لەو سندووقانە رابکێشرێت، یان بگوازرێنەوە بۆ ناوەندى سەرەکیى کۆمیسیۆن لە بەغدا.
رۆژی شەممە 16-12-2023 دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد، بەڵام دوای تەواوبوونی دەنگدان، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لە هەندێک وێستگەدا دەنگەکانیان هەژمارنەکرد و دوایین راپۆرتیان نەخوێندەوە، بۆیە ئەمڕۆ لە عێراق لە دوو هەزار و 36 سندووق، دەنگەکان بە دەست دەژمێردرێنەوە.
عەلی قەڵایی، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی لە کەرکووک بە رووداوی گوت "هەر مێزێک پێنج کارمەندی کۆمیسیۆنی لەسەرە و دەنگەکان دەژمێرن، مێزەکان دوو کامێرای چاودێریشیان لەسەرە، کە جیاکردنەوەی دەنگەکان تۆماردەکەن، چاوەکان لەسەر جیاکردنەوەی ئەم دەنگانەیە، چونکە رەنگە لە کورسییەکان گۆڕانکاری رووبدات، بەتایبەت گۆڕانکاری لە ریزبەندی کاندیدەکان."
رۆژانی شەممە و دووشەممەی ئەم هەفتەیە دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی 14 پارێزگای عێراق و کەرکووک بەڕێوەچوو. لە کۆی 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کەس کە مافی دەنگدانیان هەبوو لە دەنگدانی گشتی و تایبەت، 6 ملیۆن و 599 هەزار و 668 کەس دەنگیان دا.
19ـی کانوونى یەکەمى 2023 کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى بڵاوکردەوە. ئەو ئەنجامەى کۆمیسیۆن بڵاویکردەوە، 94.4%ى تێکڕاى ئەنجامى دەنگەکانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانە، 5.6٪ـی ئەنجامەکان دیکە کە ماون، پەیوەندارن بەو سندووقەکانەوە کە ژماردنى دەستیان بۆ دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ