مەزڵووم عەبدی رۆژی کۆنفرانسیی نەتەوەیی دیاریکرد و ئەنەکەسەش پێشوازی لێدەکات

22-04-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە راگەیێندراوێکدا گوتی، رۆژی 26ـی ئەم مانگە لە رۆژئاوای کوردستان کۆنفرانسی "یەکڕیزیی هەڵوێستی کورد" بەڕێوەدەبەن. ئەنەکەسەش دەڵێت، کۆنفرانسەکە بە پشتگیریی سەرۆک مەسعود بارزانی و جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی بەڕێوەدەچێت.
 
لەبارەی کاتی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی "یەکڕیزیی هەڵوێستی کوردی لە رۆژئاوا"ـی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) راگەیێندراوێکی لە ئێکس بڵاوکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بە خۆشحاڵییەوە بە گەلەکەمان رادەگەیێنین، کۆنفرانسی 'یەکڕیزیی هەڵوێستی کوردی لە رۆژئاوا' لە 26-04-2025 بەڕێوەدەچێت. کە پێویستییەکی نەتەوەییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی گەلی کورد لە سووریا".
 
فەرماندەی گشتیی هەسەدە داوا لە هەموو لایەنە کوردستانییەکانی سووریا دەکات بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی خۆیان جێبەجێ بکەن. هاوکات سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکات لە پێکهێنانی هەنگاونان بۆ کۆنفرانسەکە هاوکاریان بوون.
 
هەر ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بە فەرمی رێککەوتووین لەسەر بەستنی کۆنفرانسی یەکڕیزی و هەڵوێستی کوردی لە 26ـی نیسان، وەک هەنگاوێکی گرنگ و پێویستییەکی سیاسی کە خواست و ئاواتەکانی گەلی کوردە لە سووریا".
 
ئەنەکەسە دیاریکردنی رۆژی کۆنفرانسەکە بە "دەستکەوت" دەزانێت و دەڵێت: "بەرهەمی ئیرادەی رۆڵەکانی گەلەکەمان و هەوڵ و ماندووبوونی دڵسۆزانی خەباتکاری کوردە بە پشتگیری برایانی بەڕێزمان، بەتایبەت بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی و جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی".
 
ئەنەکەسە هیوا دەخوازێت، "کۆنفرانسەکە ببێتە خاڵی وەرچەرخان بەرەو قۆناخێکی نوێی هاوکاریی بونیاتنەر لە نێوان حیزبەکانی بزووتنەوەی سیاسیی کوردی و متمانە لەگەڵ خەڵکی کورد بەهێز بکات. هەروەها دەروازەی فراوانتر بۆ پەیوەندییە نیشتمانییە پتەوەکان لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا بکاتەوە".
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا رایگەیاندووە، "دڵنیاین یەکڕیزیی هەڵوێستی کوردیی پێویستییەکی نیشتمانیی بەپەلەیە؛ هەنگاوێکی سەرەکییە لە رێگەی بەدیهێنانی هاوبەشیی راستەقینە لە داڕشتنی داهاتووی سووریایەکی دیموکراتی و فرەلایەن".
 
پێشبینی دەکرێت 300 ئەندام لەو کۆنفڕانسەدا بەشداربن، بە جۆرێک کە 170 نوێنەری پارتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردی بن، لەگەڵ ئەوانیشدا، نوێنەرانی: پارتیی دیموکراتی پێشکەوتووی کورد لە سووریا، پارتیی ئەلوەحدەی دیموکراتی کورد لە سووریا (یەکێتی)، پارتیی ئاشتیی دیموکراتی کوردستانی، پارتیی ویفاقی دیموکراتی کوردی لە سووریا، بزووتنەوەی خۆبوون و هەندێک لایەنی دیکە. 130 کەسیان نوێنەری ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) دەبن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کامێرایەکی تۆمارکردنی تیژڕۆیی لە شەقامێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

لە دوو ساڵدا مردن بە رووداوەکانی هاتووچۆ لە 445 کەسەوە بۆ 98 کەس دابەزیوە

بەگوێرەی ئامارەکانی هاتووچۆ، ساڵی رابردوو 98 کەس بە رووداوی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا ساڵی 2022 بەهۆی رووداوەکانەوە 445 کەس گیانیان لەدەستداوە. ئەفسەرێکی هاتووچۆ دەڵێت، کامێراکان و باشترکردنی رێگەکان هۆکاری کەمبوونەوەی رووداوەکانی هاتووچۆن.