مانگی داهاتوو 2300 پارچە زەوی لە ئیدارەی راپەڕین دابەش دەکرێن

22-04-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی راپەڕین دەڵێت، لە سنوورەکەدا 24 هەزار کەس ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە، مانگی داهاتووش زیاتر لە 2000 پارچە زەوی دابەش دەکەن.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 22ی نیسانی 2025 رێباز پیرۆت، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە شێوەیەکی گشتی تاوەکو ئێستا لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، 24 هەزار کەس ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە."
 
رێباز پیرۆت گوتی، "جگە لە شارەوانیی رانیە، لە شارەوانییەکانی دیکە کە ژمارەیان 12 شارەوانییە، ناوی فەرمانبەرانی زۆربەی وەزارەتەکان گەڕاوەتەوە، بەڵام کێشەی زەوی تەرخانکراومان هەیە، بە تایبەتی لە شارەوانییەکانی سەروچاوە، سەرکەپکان و سەنگەسەر."
 
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی راپەڕین لەبارەی هۆکاری سستی پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی لە هەندێک لە شارەوانییەکان گوتی، "سستییەکە بۆ رێگرییەکانی جووتیاران دەگەڕێتەوە،ئامادەنین زەوییەکانیان بدەنە شارەوانی، چونکە دەڵێن ئەو قەرەبووەی بۆیان دیاریکراوە کەمە، هەندێک شارەوانی دیکەش لە سنووری خۆیاندا زەوییان نییە بۆ دابەشکردن و لە شارەوانییەکانی دیکە زەویان بۆ دیاریکراوە."
 
بە گوتەی رێباز پیرۆت، دوو هەزار و 300 زەوی ئامادەن، دابەشنەکردنیشی تاوەکو ئێستا لەبەر ئەوەبووە، کە دەمانەوێت ناوی سەرجەم فەرمانبەران بگەڕێتەوە و پێکەوە دابەشیان بکەین، بەڵام لە دوو هەفتەی ئایندە دەست بە دابەشکردنی ئەو زەوییانە دەکەین کە بەردەستن و نامانەوێت زیاتر دوابکەوێت."
 
9ی شوباتی 2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، گەڕی دووەمی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران دەستپێدەکات و ئەم جارە زیاتر لە 240 هەزار فەرمانبەر لێی سوودمەند دەبن.
 
ئەمە لە کاتێکدایە، قۆناخی یەکەمی تیروپشک و دابەشکردنی زەوی لە 17ـی تشرینی دووەمی پار دەستیپێکرد.
 
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک و بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت.
 
سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:
 
- ساڵانی خزمەت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی نیشتەجێبوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە