رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ گەیشتنیان بە بیابانی عەرعەر هاواریان چووە بەر ئاسمان، پێشتر هەر چیرۆکەکانیان بیستبوو، ئێستا لەوێن تا هەست بە ئازاری ئەنفالکراوان بکەن و راستییەکە ببینن.
شەرمین یەکەمجارە دەچێتە سەربازگەی نوگرەسەلمان. لە ساڵی 1983 لەدایکبووە. سێ خوشک، دوو برا و 16 کەسوکاری ئەنفالکران، ئەو لە گوندی بەلگەی لە کفرییەوە چووەتە ئەوێ.
شەرمین ئیکرام، کەسوکاری ئەنفال بە رووداوی گوت: "ئێمە نان دەخۆین و بەبێ ترس دێین، ئەوان ماندووێتییان دەرنەچووە. بە ترسەوە هاتوون ماندووێتییان دەرنەچوو، زیندەبەچاڵ کران. خوا قبووڵی ناکات."
بەشێکیان ئەکتەری نێو رووداوەکەن و خۆیان چیڕۆکەکانیان دەگێڕنەوە و هەندێکیشیان چوون شوێنی زیندانی و ئەنفالکردنی ئازیزانیان ببینن.
مەحمەد عەلی، کەسوکاری ئەنفال بە رووداوی راگەیاند: "نە شەو هەستم هەیە، نە رۆژ هەستم هەیە. ماڵم لە هەولێرە. لەوێش ئیدارە ناکەم، دەڵێم با بەتەنیا بژیم."
نازم جەوهەر، کەسوکاری ئەنفال بە رووداوی گوت: "دەبێت چۆن گەشتبێتنە ئێرە، لە برسا لە ترسا، چۆن هاتوون؟!"
دواتر لەسەر دوایین گۆڕی بەکۆمەڵ کە 155 رووفاتی تێدابووە کە ئەم ساڵ هەڵدراوەتەوە، هەرکەسێکیان بەدوای شتێکدا دەگەڕێت کە بۆنی ئازیزانیان لێبێت و لەگەڵ خۆیاندا بیبەنەوە بۆ سەبووری.
ئەحمەد علی، کەسوکاری ئەنفال، بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە ساڵانە دێین، گۆڕ هەڵبدرێتەوە، هەڵنەدرێتەوە دێین. مێژووی خانووە قوڕەکان هەمووی لەم بیابانەیە."
جەزا ساڵح، کەسوکاری ئەنفال، دەڵێت: "هەشت کەسم لێرە زیندەبەچاڵ کراون. هەستدەکەم ئەم خۆڵە هین سەر دەموچاوی ئەوانە، دەیبەمەوە بۆ چەمچەماڵ."
چەند ساڵێکە کەسوکاری ئەنفالکراوان لە کوردستانەوە دەچنە خوارووی عێراق و داوای هێنانەوەی رووفاتەکان دەکەن، بەڵام حکومەتی عێراق خەمساردە و بەبیانووی جیا بەدەم داواکانیانەوە ناچێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ