رووداو دیجیتاڵ
حوکمدراوێک دوای وەرگرتنی مۆڵەت لە چاکسازی گەورانی سلێمانی، نەگەڕاوەتەوە و هەڵاتووە، بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بازرگانیی هۆشبەر بووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، حوکمدراوەکە دەبوو دوای وەرگرتنی مۆڵەتی هەفتەیەک لە ماڵەوە، 20ـی نیسان بگەڕێتەوە زیندان، بەڵام نزیکەی 48 کاژێرە نەگەڕاوەتەوە.
بەرپرسێکی باڵای چاکسازییەکان بە رووداوی گوت: "هەر کەسێک 72 کاژێر دوای کاتی گەڕانەوەی لە مۆڵەت نەگەڕێتەوە، بە هەڵاتوو هەژمار دەکرێت".
لەبارەی هەڵاتووەکەی چاکسازیی سلێمانییەوە گوتی: "ئەگەر پێش 72 کاژێرەکە بگەڕێتەوە لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت و بە ئەگەری زۆرەوە جارێکی دیکە مۆڵەتی چوونە ماڵەوەی پێ نادرێت".
رووداو لە چاکسازیی سلێمانییەوە زانیویەتی، جگە لە کەفیلی کەسیی، ئەو کەسەی هەڵاتووە وەکو دەستەبەر 25 ملیۆن دینار و خانوویەکیشی بە بارمتە داناوە.
بەرپرسانی پەیوەندیدار دەڵێن: "هێشتا کات ماوە و گوشار لە کەفیلەکانی دەکرێت بۆ ئەوەی ناچار ببن بیگەڕێننەوە زیندان".
حوکمدراوان لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، سێ مانگ جارێک بۆیان هەیە داوای مۆڵەتی یەک هەفتە دەرچوون لە زیندان بکەن، بەو مەرجەی چارەکێکی حوکمەکەیان تەواو کردبێت.
لە هەرێمی کوردستان شەش چاکسازیی هەن؛ دوو لە هەولێر، دوو لە سلێمانی و دووانەکەی دیکەش لە دهۆکن. زیاتر لە پێنج هەزار سزادراو لەنێویاندا سزاکانیان بەسەر دەبەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ