مەزڵووم عەبدی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە رەتدەکاتەوە

19-01-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت، ئامادە نین چەک رادەست بکەن یانیش هێزەکەیان هەڵبووەشێننەوە، بەڵام دەکرێت گفتوگۆ لەبارەی تێکەڵبوونیان لەگەڵ پێکهاتەی نوێی سوپای سووریا بکەن.  
 
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی عەرەبییە هۆشداریدا کە هەر رێکارێکی دیکە لەبری گەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوبەش لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا لە بواری سەربازییەوە کێشەی گەورەی لێدەکەوێتەوە.
 
مەزڵووم عەبدی گوتی: "بڕیارمان نەداوە چەکەکانمان رادەست بکەین یانیش هێزەکەمان هەڵبووەشێنینەوە، بەڵام ئامادەین گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوو بکەین".  
 
مەزڵووم عەبدی جەخت لەوە دەکاتەوە، هەسەدە پێشنیازی پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی کردووە بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی ئەو بابەتە و ئاماژە بەوەش دەکات، ئەوانیش دژی بوونی هێزی جیاوازن لە سووریا. 
 
فەرماندەی گشتیی هەسەدە باسی لەوەش کرد، نوێنەری هەسەدە بانگهێشتی ئەو کۆبوونەوانە نەکراوە کە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی کاتیی سووریا کە لەگەڵ گرووپە چەکدارە جیاوازەکانی سووریا لەبارەی تێکەڵبوونیان بە سوپای سووریا کردوویەتی. 
 
مەزڵووم عەبدی گوتی: "پەیوەندییەکانی هەسەدە و ئەحمەد شەرع "لەسەر بنەمای کردارن، نەوەک گوتار." 
 
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی گوایە هەسەدە لە لایەن ئێرانەوە چەکی پێدراوە، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند، ئەوان چەکی ئێرانیان پێویست نییە، لەنێویشیاندا درۆن و گوتیشی، هێزەکانی ئەمریکا رۆڵێکی کارا و گرنگیان لە هێورکردنەوەی دۆخەکە هەیە.
 
ئەمریکا لانیکەم دوو هەزار سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە و هەسەدەش هاوبەشی سەرەکی ئەمریکایە لە سووریا بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش. 
 
30ـی کانوونی یەکەمی پار شاندێکی هەسەدە بۆ یەکەمجار لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کۆبووەوە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە