مەلا بەختیار هۆکاری ژەهرخواردکردنی خۆی، بافڵ تاڵەبانی و وەستا حەسەن ئاشکرا دەکات

18-11-2021
بڕوا کیانی @brwakyani
نیشانەکردن مەلا بەختیار
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

مەلا بەختیار لەبارەی هۆکاری ژەهرخواردکردنی خۆی، بافڵ تاڵەبانی و وەستا حەسەن دەڵێت، بافڵ تاڵەبانی لەبەر ئەوە ژەهرخواردکراوە کە کوڕی مام جەلالە و "ویستوویانە ببنە میراتگری مام جەلال." وەستا حەسەن بە هۆکاری "ئیش و کارەکەی" و "منیشیان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی بڵێن: لە مێژوودا مەلا بەختیار هەبوو، كە شارەزای مێژوو بێ ‌‌و ئاگاداری نهێنییەكان بێت‌ و هەڵوێستێكی هەیە، بە كۆتایهێنان بە من، ئەو مێژووەش كوێر بكەنەوە."
 
مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی ‌و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-11-2021 لە میانی پێشوازی لە ژمارەیەک میوان کە بەمەبەستی بەخێرهاتنەوەی سەردانیان کردبوو باسی هۆکاری ژەهرخواردکردنی ئەو سەرکردانەی یەکێتی کرد. دەڵێت، ئەوانەی ئەو کارەیان بەرامبەر ئەوان کردووە، "هەمان هۆکار پاڵی پێوەناون" ئەو کارە بەرامبەر کەسانی دیکەش بکەن "کە لێیان ترساون."

بە گوتەی مەلا بەختیار، ئەو تاوانە "ماكی هەیە! هەر بۆیە وەك برین تاوەکو ماكەكەی دەرنەكەیت، ئەو برینە ساڕێژ نابێتەوە! ماكی ئەم كارەش ئەقڵییەتێكی تەسكی پیلانگێڕیی مەترسیدارە."

رۆژی شەممە 14-11-2021 مەلا بەختیار دوای نزیکەی مانگێک لە وەرگرتنی چارەسەر لە ئەڵمانیا گەڕایەوە هەرێمی کوردستان. لە فڕۆکەخانەی سلێمانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی سازکرد و رایگەیاند، "ستەمێکی گەورە" لە خۆی، بافڵ تاڵەبانی و وەستا حەسەن کراوە.

پرسی ژەهرخواردکردنی سەرکردەکانی یەکێتی دوای رووداوەکانی نێو حیزبەکەن لە 8ـی تەممووزی ئەمساڵدا دەرکەوتن. ئەوکات ناکۆکی لەنێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی، هەردوو هاوسەرۆکانی یەکێتی روویدا کە ئەنجامەکانی بەوەگەیشتوون بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، لاهوور شێخ جەنگی و چەند ئەندامێکی دیکەی سەرکردایەتی لە حیزبەکە "دەرکران". بڕیارێک کە لاهوور شێخ جەنگی رەتیدەکاتەوە.

مەلا بەختیار دەڵێت، پێشەکیی ئەو تاوانە ئەوەیە کە "بەداخەوە لەناو یەكێتی، حیزبایەتی نەما! بیروباوەڕ نەما! لێپرسینەوە، سزا و پاداشت نەما! مەركەزیەت نەما! پۆڵێنی سیاسەت، كێ‌ دۆستە، كێ‌ دووژمنە و كێ‌ بێلایەنە، هیچی نەما! ئەم قۆناخە دەبێ‌ ستراتیژمان لەگەڵ كێ‌ بێ‌؟ دژایەتی ‌و ململانێمان لەگەڵ كێ‌ بێ‌؟ یەكگرتنمان لەگەڵ كێ‌ بێ‌؟ هیچی ئەمانە لەناو یەكێتی نەمان! ئەمانەشیان بۆیە نەهێشت هەتا كەشێك دروست بكەن، هەتا بتوانن پیلانەكانیان تێبپەڕێنن ‌و لەڕووی سایكۆلۆجییەوە خەڵك بتوانێ‌ بەئاسانی قوتی بدات!"

ئەو بەرپرسەی یەکێتی نموونەیەکی هێناوەتەوە و دەڵێت، کاتێک حیزبایەتی، مەركەزیەت و مەرجەع نەما، دیارە تاوان دەسەپێت ‌و كوردیش دەمێكە گوتوویەتی "دز بازاڕی شێواوی دەوێ‌، یان ماسی لە ئاوی لێڵدا راو دەكات! ئەمەش پەند و حیكمەتە و یەكێتیش وەك بازاڕی شێواو، دز تێیكەوت! متمانە لێوەرگرتنەوەی جەماوەریش، بەڵگەیە." پێشتر مەلا بەختیار ئاماژەی بەوە کردبوو لەم هەڵبژاردنەی رابردوو کە لە مانگی ئۆکتۆبەر بەڕێوەچوو، یەکێتی زیاتر لە 250 هەزار دەنگ کەمیکردووە.

ئەو سێ کەسە وەک مەلا بەختیار باسی کردوون "نهێنییەكانی ئەم دەڤەرە [سنووری پارێزگای سلێمانی] زۆر باش دەزانن" بۆیە دەڵێت، "بەمشێوەیەش هاتوون هەر یەكێك لەم كەسایەتییانە، بەئامانجێكی گڵاو لەنێوبەرن‌ و دواتریش پاش لەنێوچوونی ئێمە، نەخشەكانی خۆیان ترسناكتر جێبەجێبكەن! ئەمە پێشەكیشی هەبوو، بەڵام بەداخەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەو مەكتەب سیاسییەی ئێستا هەیە، دركیان پێنەدەكرد!"

مەلا بەختیار ئەو دۆخەی یەکێتی "بە فاشیەتی ئیتاڵی و نازییەتی ئەڵمانی" چوواندووە، دەڵێت، "ئەم فاشیەتەی ناو یەکێتیش بە ئۆپۆزیسیۆنی دەستی پێکردووە، لاف لێدەدات دژی پارتییە، بەڵام بابزانین چی کردووە دژی پارتی؟ بە پێچەوانەوە پارتی دەنگی زیاتری هێنا، ململانێ بەجنێودان ناکرێ، بەڵکو ململانێ لەسەر دیموکراسی، ئازادی، دادپەروەری، مەدەنییەت، لەسەر پرسە جیاوازەکان، لەسەر فیکر دەکرێ، نەک بەموزایەدە و جنێودان." 

مەلا بەختیار ناوی کەسی نەهێناوە و نەیگوتووە کە لەو قسانەی مەبەستی کێیە، بەڵام گوتوویەتی لە ئاییندەدا كۆڕێك رێكدەخات ‌و تێیدا لەسەر سێ‌ تەوەری دیاریكراو، شرۆڤە و خوێندنەوەكانی خۆی دەخاتەڕوو، هەروەك هەڵوێستە نەگۆڕ ‌و جیددییەكان‌ و سەرەنجامی پێشبینییەكانیشی دەخاتەڕوو.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرنامەی هێشتا ماویەتی.

کۆماری فەسائیلەکان؛ چۆن ترەمپ مووشەکبارانی گرووپە شیعەکانی عێراقی راگرت؟

کاتێک لە کەرکووکەوە بەرەو بەغدا دەچیت، لەگەڵ نزیکبوونەوەی زیاتر لە پایتەختەکە، دەسەڵاتی گرووپە شیعییەکان زیاتر دەردەکەوێت. ئاڵا رەش و سەوزەکان لە رێگەدا بە بەردەوامی دەبینرێن، وەکو شایەتێک بۆ هەژموونێک کە چاو ناتوانێت هەڵەی تێدا بکات.