مەلا بەختیار داوا دەکات کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی پێش هەڵبژاردن چارەسەر بکرێن

14-10-2023
پەیمان محەممەد
بەشداریکردنی مەلا بەختیار لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو
بەشداریکردنی مەلا بەختیار لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو
نیشانەکردن رووداوی ئەمڕۆ مەلا بەختیار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی دەڵێت، "ئەگەر پەیوەندیی یەکێتی و پارتی باش نەبێتەوە، دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چاوەڕوانی رووداوی ناخۆش دەکەم." دەشڵێت، لاهوور شێخ جەنگی گوتی هەڵەی قورسم کردووە، یەکێک لە هەڵەکانی قبووڵکردنی سیستمی هاوسەرۆک بوو." 
 
مەلا بەختیار، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، ئەنجامی کۆنگرەی یەکێتی و ستراتیژیی ''مەرکەزییەت''ـی حیزبەکە بۆ چارەسەری کێشەکان وەڵامدەرەوە نییە.
 
مەلا بەختیار ئاماژەی بەوە کرد، بەر لە کۆنگرە قسەی لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی کردووە کە سەربەخۆیی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی حیزبەکە بپارێزرێت و هەندێک دەسەڵاتی جێبەجێکار بە ئەنجوومەنەکە بدرێت، ''بەڵام بەر لە کۆنگرە سیناریۆ و پڕۆژەی پەیڕەوی نێوخۆ تەواوکرابوو و لەسەر ئەو بابەتە رێکنەکەوتین."
 
ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی لەبارەی هۆکاری بەشدارینەکردنی لە کۆنگرەی پێنجەم گوتی، ''لەسەر دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەن و ئەوەی کە ئایا ئێمە سەرۆکی ئێستای یەکێتیمان قبووڵە یان نا نەگەیشتینە رێککەوتن، هەندێکمان قبووڵمان نەبوو و هەندێکیان قبووڵیان بوو کە پیرۆزیان بێت. هیچ کێشەم نییە.''
 
کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رۆژی 27-09-2023 دەستیپێکرد و پێنج رۆژی خایاند کە کۆمەڵێک سەرکردەی دیاری ئەو حیزبە تێیدا ئامادەنەبوون، بە تایبەتی ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکان و کۆمەڵێک ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی. مەلا بەختیار لەوبارەوە گوتی، ''کۆنگرە بەسترا. ئەنجوومەنی باڵاش لەو مافانە دوورخرایەوە و ئێستا ئۆرگانێکە لەو ئۆرگانانەی یەکێتی کە بافڵ تاڵەبانی دەتوانێت بڕیاریشی بۆ بدات، واتە بەشێکە لەو سیستەمە.''
 
نەخۆشکەوتنی سەرکردەکان لە نێو یەکێتی 
 
لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی وەکو سەرۆک، جەعفەر شێخ مستەفا وەکو سکرتێری ئەنجوومەنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی هەڵبژێردران.
 
مەلا بەختیار لەبارەی هۆکاری چالاکنەبوونی ئەنجوومەنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی لە دوای کۆنگرەی چوارەم گوتی، ''بوو بە قوربانیی نەخۆشیی کۆسرەت رەسووڵ، چونکە ئێمە لە ڕووی ئەخلاقییەوە پێمان جوان نەبوو دابنیشین و لە نەبوونی کاک کۆسرەت بڕیار بدەین.'' 
 
ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی ئەوەشی خستەڕوو، نەخۆشکەوتنەکان [نەخۆشکەوتنی بەشێک لە بەرپرسانی باڵای یەکێتی وەکو مام جەلال، کۆسرەت رەسووڵ] یەک لەدوای یەک وەکو بوومەلەرزەیەک زەرەریان بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەیاند، بە ئەنجوومەنی باڵاشەوە.''
 
نزیکەی 340 کەس لە 600 ئەندامی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی بێ هەڵبژاردن دەستنیشانکران کە 100 کەسیان راستەوخۆ لەلایەن بافڵ جەلال تاڵەبانییەوە بوو، مەلا بەختیار گوتی، ئەوە لە یەکێتیدا شتێکی نوێ نییە و ''لە کۆنگرەی سێیەمیشدا مام جەلال، هێرۆخان و کاک کۆسرەت زیاتر لە 400 کەسیان هێنایە نێو کۆنگرە. خەڵک وایان دەزانی ئەوانە لە ئێمە دەنگیان زیاتر هێناوە دەنگی حەڵاڵی خۆیان بوو؟ دەنگی ئەو  400 کەسە بوو کە زیادیان کرد.''
 
 
''لاهوور شێخ جەنگی، گوتی، هەڵەی زۆر قورسی کردووە''
 
لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیدا کە لە ساڵی 2019 بەسترا، بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەو حیزبەدا سیستمی هاوسەرۆکی جێبەجێکرا و لاهوور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی بوونە هاوسەرۆک، بەڵام ئەو سیستمە زۆری نەخایاند و لە 8ـی تەممووزی 2021ـدا سیستەمەکە هەڵوەشێنرایەوە و لاهوور شێخ جەنگی لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە دوورخرایەوە و دواتر خۆی بووە سەرۆک.
 
مەلا بەختیار دەڵێت، ''لاهوور شێخ جەنگی پێیوایە لە کۆنگرەی چوارەمدا هەڵەی زۆر قورسی کردووە و گوتوویەتی 'قەت نەدەبووایە ئەو شتانە بکەم کە کردوومە، هەڵەم کردووە بۆیە دۆخەکە ئاوای لێهاتووە'، یەکێک لە هەڵەکانیشی قبووڵی سیستمی هاوسەرۆکی بوو."
 
لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاندووە کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بەشدار دەبن و لیستیان دەبێت. مەلا بەختیار ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر لاهوور لیستی جیای لە یەکێتی هەبێت، ''بێگومان'' دەنگی یەکێتی دەبات؛ گوتیشی، ''پێشبینی ناکەم یەکێتی ئەو کورسییانەی لە پەرلەمان هەیبوو ئەمجارە بیهێنێتەوە.''
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 25-02-2024ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە، ئەوەش دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان. بڕیارە هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوەببرێت.
 
ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی دەڵێت، ''لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە تا ئێستا، دۆخی ئابووری، سیاسی، پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی خراپتر بوون و خەڵک هەمووی دڵنیگەرانە و پارتی و یەکێتی ناتوانن قەرەبووی دەنگەکانیان بکەنەوە و ئۆپۆزیسیۆن دەنگ زیاتر دەهێنێت.''
 
 
''رووداوی چاوەڕواننەکراو بۆ یەکێتی روودەدات''
 
بەگوتەی مەلا بەختیار، ئەنجامی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، ناتوانێت چارەسەری کێشەکانی ئەو حیزبە بکات، ''چونکە پێم وایە یەکێتی کێشەی بنچینەیی هەیە و لە بنچینەیدا بە نیمچە بەرە دامەزراوە، ئەگەر چی بە تەواوەتی هێشتا زەرەرە گەورەکەی ئەو کێشانە [بنچینەیی] لە یەکێتی نەداوە، بەڵام لە کۆنگرەی پێنجەمیشدا چارەسەر نەکراون.''
 
ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی هۆشداری دەدات، ''بەهۆی کێشە بنچینەییەکانەوە، رووداوی چاوەڕاننەکراو دێنە پێشەوە. ئەو کاتە تێدەگەن کێشەی بنچینەیی یانی چی.''
 
''بەر لە هەڵبژاردن دەبێت پارتی و یەکێتی کێشەکانیان چارەسەر بکەن''
 
ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە، ''ئەوانەی پشتیوانیی هەرێمی کوردستان دەکەن و چارەنووسی هەرێمی کوردستانیان بەلاوە گرنگە پێویستە لەو راستییە تێبگەن، ئەگەر تاوەکو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەیوەندیی نێوان یەکێتی و پارتی باش نەبێتەوە و ئەنجامی هەڵبژاردن بە شێوەیەک بێت کە لایەک لەم دوو لایەنە زەرەری گەورە بکات، چاوەڕوانی رووداوی ناخۆش دەکەم.''
 
رۆژی پێنجشەممە، 12-10-2023، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە لە بووڵتەنی نیوڕۆژدا سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی کرد، پەخشکرا، رایگەیاند، "دوای کۆتاییهاتنی کۆنگرەی یەکێتی، سەردانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان هەنگاوی یەکەمیان دەبێت و لەم رۆژانەدا یەکەم کۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنەکان لە پارتییەوە دەستپێدەکات.''
 
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئاماژەی بەوە کرد، "کۆبوونەوەکان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کورستان دەستپێدەکرێن، چونکە پارتی و یەکێتی دوو حیزبی گرنگی هەرێمی کوردستانن، بۆیە دەبێت هەوڵی ئەوە بدەین تواناکانمان بەفیڕۆ نەدەین و لەپێناو خۆشکردنی گوزارەنی خەڵکی کوردستان، ئەمن و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بەکاریبهێنین.''
 
''پەکەکە دەبێت ستراتیژیی خەبات بگۆڕێت''
 
بە پاساوی ''چڕبوونەوە''ی چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی، چەندین جار بە درۆن هێرشکراوەتەسەر چەند ئامانجێک لەو پارێزگایە و پەیوەندیی نێوان تورکیا و یەکێتی تووشی ساردی بووە، مەلا بەختیار دەڵێت، ''ئاوات بەو رۆژە دەخوازم دەوڵەتی تورکیا بڕیارێک بدات و بەپێی مافە دیموکراسییەکان شێوەیەک لە شێوەکانی چارەسەر بۆ کێشەی کورد بدۆزێتەوە و لەبەرامبەریشدا ئاوات بۆ ئەوە دەخوازم پەکەکە بە ستراتیژیی چەکداریی خۆیدا بچێتەوە و زۆرتر تەرکیز بخاتە سەر خەباتی مەدەنی، هەدەپە و پەرلەمان.''
 
ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی ئەوەشی خستەڕوو، دوای تەواوبوونی شەڕی سارد، ستراتیژیی خەباتی چەکداری لە جیهان کۆتاییهات و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا خەباتی چەکداریش سەرکەوتنی ستراتیژی لە هیچ وڵاتێکدا بەدەست نەهێناوە.
 
''شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل مەترسیدارە''
 
بەیانیی رۆژی شەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند.
مەلا بەختیار شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل بە مەترسیدار دەزانێت و گوتی، ''ئەگەر بگوازرێتەوە بۆ شەڕێکی هەرێمی، کاریگەری لەسەر عێراقیش دەبێت و ئێمەش ناتوانین بەدەر لەو کاریگەرییانە بین. من شەڕەکە بە مەترسیدار دەبینم.''
 
بەگوتەی ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، گرژی و شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل هاوکێشە سیاسییەکان ناگۆڕێت و ''تەنیا گرتنەبەری رێگەی دیموکراسییانە چارەسەری ئەم بابەتەیە، ئەگەر نا دەوڵەتی ئیسرائیل خاوەن دەوڵەت، ستراتیژی و ئابووریی خۆیەتی و ناڕووخێت.''

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چیرۆکی بازرگانەکە

بازرگانێکی سلێمانی: باندێک لە بۆکان رووتیان کردمەوە و ئەشکەنجەیان دام

بازرگانەکە نزیکەی 10 ساڵە کاری کۆفرۆشیی جلوبەرگ دەکات و چەندین جار لەو ماوەیەدا سەردانی تورکیا و سووریای کردووە، بەڵام یەکەم جاری بووە بچێتە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان. بە گوتەی خۆی، پێشتر لە رێگەی فەیسبووکەوە پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لەو کەسانە هەبووە.