لە رۆژئاوای کوردستان ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی کورد دەکرێت

24-03-2025
سینا سۆما
ئاراس جومعە، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی پارتی سەوزی دیموکرات لە بەرنامەی نووڕۆژی رووداو.
ئاراس جومعە، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی پارتی سەوزی دیموکرات لە بەرنامەی نووڕۆژی رووداو.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی پارتی سەوزی دیموکرات بە رووداوی رایگەیاند، دوای رێکەوتنی ئەنەکەسە و پەیەدە، ئامادەکارییەکی گەورە بۆ بەڕێوەچوونی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەکرێت، بۆ ئەوەی لایەنە کوردییەکان بە شاندێکی هاوبەش بچنە دیمەشق. دوو بەرپرسی باڵای ئەنەکەسەش دەڵێن، رەنگە بەر لە کۆتایی مانگی ئادار رێکەوتنی نێوان ئەنەکەسە و پەیەدە رابگەیێندرێت.
 
ئاراس جومعە، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی پارتی سەوزی دیموکرات کە پارتێکی رۆژئاوای کوردستانە، لە بەرنامەی ئەمڕۆی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە لایەن دڵدار هەرکییەوە پێشکێش کرا، سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، "ماوەیەک بوو کۆبونەوە و دانوستاندن لە نێوان لایەنە کوردییەکان و هەروەها لایەنە فەرەنسی و ئەمریکییەکان بۆ چارەسەرکردنی خاڵە ناکۆکەکان دەکرا. دواتر ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) داوای کرد لەگەڵ پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) کۆببێتەوە و دانوستاندن بکات."
 
ئاراس جومعە گوتی، "چەند رۆژێک لەمەوبەر لە رێگەی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی، کۆبوونەوەیەک لە نێوان پەیەدە و ئەنەکەسە بەڕێوەچوو. رێککەوتن کرا لەسەر ئەو خاڵە ناکۆکانەی لە نێوانیاندا هەبوون و پێویستە لە کاتێکی نزیکدا رێککەوتنەکە رابگەیەنرێت."
 
سەبارەت بە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، ئاراس جومعە دەڵێت، "ئێستا ئامادەکارییەکی گەورە دەکرێت، بەڵام هێشتا کاتی بەستنی کۆنگرەکە دیار نییە."
 
ئاراس جومعە باسی ئەو لایەنانەی کرد، کە بەشداریی کۆنگرەکە دەکەن و گوتی: "نەک تەنیا هەردوو لایەنە سەرەکییەکە، واتە پارتەکانی ئەندامی پەیەنەکە و ئەنەکەسە، بەڵکو حیزبەکانی دەرەوەی ئەو دوو لایەنەش لە کۆنگرەکەدا ئامادە دەبن. هەروەها کەسایەتییە سەربەخۆکان، رۆشنبیر، شارەزای سیاسی و خەڵکی دیکە لە کۆنگرەکەدا بەشدار دەبن و دەتوانن بۆچوونی خۆیان لە سەر کۆنگرەی نەتەوەیی کورد دەرببڕن و یەکگرتوو و یەکهەڵوێست بن، بۆ ئەوەی بتوانن بە شاندێکی هاوبەش بچنە دیمەشق."
 
بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی پارتی سەوزی دیموکرات کە هاوکات ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردە لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، خاڵە هاوبەشەکانی لایەنە کوردییەکان لە رۆژئاوای کوردستان بریتین لە "پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد و داواکردنی مافی کورد بەتایبەتی لە دەستووری نوێی سووریادا."
 
ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان باسی ناوەڕۆکی ئەو رەشنووسە دەکات کە بڕیارە لە کۆنگرەکەدا تاوتوێ بکرێت و دەڵێت، "لە رەشنووسەکەدا چەندین مافی کورد هەن، کە پێویستە لە چوارچێوەی دەستووردا داوا بکرێن. پرسە سەرەکییەکە ناسنامەی کوردییە، کە پێویستە مسۆگەر بکرێت و بپارێزرێت و لەنێو دەستووری سووریادا بنووسرێتەوە. پێویستە کورد بەشداری لە حکومەتی نوێی سووریادا بکات، هەروەها لە دەستوورە نوێیەکەدا پێویستە بە شێوەیەکی فەرمی و روون دانپێدانان بە بوون و ناسنامەی کورد بکرێت."
 
سەبارەت بە چارەنووسی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دام و دەزگەکانی، ئاراس جومعە دەڵێت، پێویستە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە هەرێمی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بتوانن بە ئازادانە کاری خۆیان بکەن و خزمەتگوزاری پێشکێشی خەڵک بکەن، لەبەر ئەوەی هەر لە سەرەتای شۆڕشی سووریاوە، شۆڕشی رۆژئاواش هەبووە و ژمارەیەکی زۆر دام و دەزگە دامەزرێندراون.
 
لەسەر ئەوەی ئایا لە رەشنووسی رێککەوتنی نێوان ئەنەکەسە و پەیەدە، لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان داوای فیدراڵی دەکەن یان سیستمێکی لامەرکەزی؟ بەرپرسەکەی پارتی سەوزی دیموکرات لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، تائێستا ئەم بابەتە یەکلایی نەکراوەتەوە و کۆنگرەی نەتەوەیی بڕیاری پێویست لەوبارەوە دەدات.
 
ئاراس جومعە دەڵێت: "ئەم بابەتە سەرەتا لە کۆنگرەکەدا تاوتوێ دەکرێت، دوای ئەوەی رێککەوتنی لەسەر کرا، بڕیاری لەسەر دەدرێت. لەبەر ئەوەی زۆر لایەن لە کۆنگرەدا بەشدارن. نزیکەی 600 کەس لە نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە دیارەکانی رۆژئاوای کوردستان لە کۆنگرەکەدا بەشدار دەبن. دوای ئەوەی رێککەوتن لەسەر ئەو بابەتە کرا، رادەگەیێنرێت."
 
بە گوتەی بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی پارتی سەوزی دیموکرات، لە دەرەوەی ئەنەکەسە و پەیەنەکە، حیزب و لایەنی سیاسیی دیکە و کەسایەتی سەربەخۆ هەن کە روانگە و بۆچوونی جیاوازیان سەبارەت بە مافەکانی کورد لە سووریا و داهاتووی کورد لە ئاییندەی ئەو وڵاتەدا هەیە، بەڵام ئەوەشی نەشاردەوە کە زۆربەی لایەنەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە سووریا دابەش نەکرێت و لەسەر بنەمای سیستمێکی دیموکراسی و لامەرکەزی بەڕێوەبچێت.
 
ئاراس جومعە جەخت لەوەش دەکاتەوە، رێککەوتنی نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی کاتیی سووریا و دەستووری نوێی سووریا رێک پێچەوانەی یەکدین، و لە دەستوورە نوێیەکەدا هیچ ئاماژەیەک بە کورد و پێکهاتەکان و مافەکانیان نەکراوە، بۆیە هەموو ئەو بابەتانە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان تاوتوێ دەکرێن و بڕیاریان لەسەر دەدرێت.
 
کەی رێککەوتنی ئەنەسەکە و پەیەدە رادەگەیێندرێت؟
 
نیعمەت داود، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، هیچ بڕیارێک نییە بۆ راگەیاندنی رێککەوتنی نێوان ئەنەکەسە و پەیەدە لە 24 یان 25ی ئاداری 2025.
 
نیعمەت داود گوتی، ئەگەری ئەوە هەیە بەر لە کۆتایی مانگی ئادار رێککەوتنەکە رابگەیێندرێت، بەڵام ئەوە زیاتر پەیوەستە بە کۆدەنگیی سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان.
 
بە گوتەی نیعمەت داود، هێشتا هەندێک رێکار ماون بۆ یەکلاکردنەوەی رێککەوتنەکە بۆ ئەوەی بتوانرێت بە تەواوی دابڕێژرێت، هەموو لایەنەکان لەسەری رێکبکەون و پاشان رابگەیەنرێت.
 
هەروەها فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنەکەسە بە رووداوی رایگەیاند، رێککەوتنەکە لە رۆژانی 24 و 25ی ئادار راناگەیەنرێت. جەختیشی لەوە کردەوە،  هیوادارن راگەیاندنەکەی دوانەکەوێت بۆ مانگی داهاتوو (نیسان).
 
پێشتر محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنەکەسە بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاندبوو، خاڵە گشتییەکانی رێککەوتنەکە بریتین لە پاراستنی مافەکانی گەلی کورد لە سووریا و چۆنیەتی گەیشتن بەو مافانە و هەڵوێستی کورد لەسەر ئاییندەی سووریا. شاندی هاوبەشی کورد لە وتووێژەکانی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق، پشت بە خاڵەکانی رێککەوتنی کورد دەبەستێت.
 
شاندی هاوبەشی کورد جەخت لەسەر لامەرکەزی دەکاتەوە وەک داوایەکی سەرەکیی کورد لە سووریا، هاوکات بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەش کە رێککەوتنی کورد داوای فیدراڵی لەخۆدەگرێت.
 
ئەنەکەسە و پەیەدە لە 18ی ئاداری 2025 لە شاری حەسەکە بە ئامادەبوونی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە و نوێنەرانی لایەنی ئەمریکی کۆبوونەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە