گوتەبێژی دەم پارتی: دانوستاندنی شار ئەلفوبێی دیموکراسییە و کەس خوێندنەوەی جیاوازی بۆ نەکات

24-03-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی دەم پارتی بەرگری لە ستراتیژییەتی دانوستاندنی شار دەکات، کە پارتەکەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان لەگەڵ جەهەپە کردبووی و بەهۆیەوە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو پێی تۆمەتبار کراوە و پرسەکەیان لە دادگە بۆ پاڵپشتیکردن لە تیرۆر گۆڕیوە. دەشڵێت، لەسەر بنەمای قازانج-قازانج کراوە و ئەلفوبێی دیموکراسییەتێکی رەوایە. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی ئاداری 2025، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەی پارتەکەی تیشکی خستە سەر مژاری دانوستاندنی شار، کە دەم پارتی لە هەڵبژاردنی 31ـی ئاداری 2024 لەگەڵ جەهەپە کردبووی بۆ سەرخستنی بەربژێرەکانیان. 
 
ئایشەگوڵ دۆغان رایگەیاند، سەتان جار لەم مێزگردەوە باسی لە "دانوستاندنی شار" کردووە. گوتی: "بابەتەکە شاراوە نەبووە بە بەڵگەوە دەیخەمەڕوو کام رۆژ و لە چ بۆنەیەکدا باسم لە دانوستاندنی شار کردووە. سەتان لاپەڕە وەک بەڵگە دەخەمەڕوو کە ئاماژەمان بەو پرسە کردووە."
 
گوتەبێژی دەم پارتی لە ئاماژەیەکی بۆ یەکێک لەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانی دوورخراوی ئیستەنبووڵ کرد کە دانوستاندنی شارە و گوایە تۆمەتەکەیان بەشێوەیەک گۆڕیوە کە پشتیوانیکردن بووە لە تیرۆر و بەهۆیەوە دەیان ئەندام و لایەنگرانی پەکەکە لە شارەوانییەکان دامەزرێندراون. 
 
گوتەبێژی دەم پارتی راشیگەیاند، "بەردەوام لە میدیا و تۆمەتنامەکانی نێو دادگەکان باس لەم پرسە دەکەن و بەشێوەیەکی دیکە دەیوروژێنن. دەتوانین وەڵامی یەکە بە یەکەیان بدەینەوە، بەڵام کاتی زۆری دەوێت."
 
ئایشەگوڵ دۆغان گوتی: "بەر لە هەڵبژاردنی 31ـی ئادار ستراتیژییەتی 'قازانج قازانج'مان گرتەبەر. جەختمان لەوەشکردەوە ستراتیژییەکەمان هاوکاری و پاڵپشتی و چاکەکردن بۆ کەس نەبووە. پێشتر و ئێستاش جەخت لەوە دەکەمەوە و باش دەزانم ئەو کات و ئێستاش چیمان گوتووە بۆ تەواوی شار و شارۆچکەکان."
 
ئەو ستراتیژییەی ئایشەگوڵ دۆغان باسی دەکات لە فەرهەنگی سیاسیی دەم پارتی بە "دانوستاندنی شار" ناوزەد کراوە. ئایشەگوڵ دۆغان دەڵێت: "ستراتیژییەتەکە لەلایەن ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکەمان پەسندکرا و بۆ رای گشتیی بڵاومان کردەوە. بە ستراتیژییەتی دانوستاندنی شار دەنگمان بۆ هەموو شوێنێک گەیشت و بەدەمەوەداچوونمان بۆ هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگە بوو.
 
ئایشەگوڵ دۆغان، باسی لەوەشکرد، کاتێک بەربژێرێکیان دەستنیشان دەکرد، ئامانجیان ئەوەبوو زۆرترین جەماوەر لە دەوری بەربژێرەکە کۆبکەنەوە بۆ ئەوەی ببێتە نوێنەری هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەکان. ئەو دەڵێت: "دەتوانم بڵێم ئەم ستراتیژییەتە بەردی بناخەی دیموکراسییەکی خۆماڵی و نێوخۆیی بووە".
 
سەبارەت بە گۆڕینی ناوەڕۆکی ئەو ستراتیژییەتەی پارتەکەی بۆ تۆمەتنامەیەک کە خراوەتە پاڵ ئیمامئۆغڵو، ئایشەگوڵ دۆغان گوتی: "ئەمڕۆ کەس بۆی نییە بە جۆرێکی دیکە خوێندنەوە بۆ دانوستاندنی شار بکات و هەوڵی بەلاڕێدانی بدات. بەتایبەتی کەسانێک هەن باس لە فراوانکردنی بازنەی دیموکراسییەتی ناوخۆ دەکەن و دەڵێن ئامادەین ژێرخانێکی تۆکمە بۆ دیموکراسییەت پێکبهێنین بەڵام راستەوخۆ و ناراستەوخۆ دانوستاندنی شار دەکەنە ئامانج و دەیانەوێت بیکەنە پرسێکی پەیوەندیدار و بە بابەتی دیکەوە پەیوەستی دەکەن. دانوستاندنی شار ستراتیژییەتێکی زۆر رەوایە و ئەلفوبێی دیموکراسییەتی نێوخۆییە."
 
رۆژی 19ـی ئاداری 2025، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و 106 کەس کە زۆربەیان سەرۆک و ئەندامانی شارەوانییەکانی جەهەپە بوون بە تۆمەتەکانی "پاڵپشتیکردن لە تیرۆر، گەندەڵی دارایی، بەرتیلدان و وەرگرتنی بەرتیل، دەستوەردان لە تەندەرەکانی دامەزراوە گشتییەکان و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات" دەستگیرکران.
 
رۆژی 23ـی مانگ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و 48 کەسی دیکە سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا و رەوانەی گرتووخانەی سزاکانی سیلیڤری لە ئیستەنبووڵ کران. 
 
شەش رۆژە ئەندام و لایەنگرانی جەهەپە و لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، سەندیکاکان، خوێندکارانی زانکۆ و بەشێکی هاووڵاتییان لە زۆربەی شارەکانی تورکیا و باکووری کوردستان خۆپیشاندان دەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە