رووداو - خانەقین
چیرۆکی بەردەوامیی زەینەب لە چیرۆکەکانی دیکە ناچێت، ئەو قوتابیی پۆلی پێنجەمی بنەڕەتییە و هەموو هاوپۆلەکانی چوونەتە قوتابخانە عەرەبییەکان و تەنیا ئەو ماوەتەوە و بڕیاری داوە درێژە بە خوێندنی کوردی بدات.
زەینەب سۆران ئێستا تاقانەی قوتابخانەکەیەتی و بە رووداوی گوت: "من لە پۆلی یەکەمەوە لە قوتابخانەی کوردی بووم، با دانەخرێت. هاوڕێکانم بۆ قوتابخانەی عەرەبی رۆشتوون، من خۆم بە تەنیا لەم قوتابخانەیەم، ئەم قوتابخانەیە لەبەر من ماوەتەوە و دانەخراوە".
زانای برای رۆژانە دەیگەیێنێتە قوتابخانە. لە دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە، ساڵ دوای ساڵ ژمارەی قوتابییانی خوێندنی کوردی لە خانەقین کەمی کردووە. بەشێوەیەک قوتابخانەی ئەشبیلیەی خانەقین لە 14 قوتابی ساڵی رابردووەوە، ئەم ساڵ تەنیا زەینەبی بۆ ماوەتەوە.
زانا سۆران، برای زەینەب بە رووداوی راگەیاند: "خۆشم لە زمانی کوردی دەخوێنم لە پۆلی 12ـم بەردەوام هاوکاریی زەینەب دەکەم، بەردەوام ئەیبەم و ئەیهێنم بە ماتۆڕ یارمەتی دەدەم هاوڕێ نییە هەر خۆی بەتەنیا لە قوتابخانەکەیە".
بەهۆی باڵادەستبوونی عێراق لە خانەقین، کێشەی مووچە و بایکۆتی مامۆستایانی خوێندنی کوردی و ئاسانکاری بەغدا بۆ دەرچووانی سەر بە پەروەردە و خوێندنی عێراق وایکردووە رۆژ دوای رۆژ ژمارەی قوتابخانە و قوتابییانی خوێندنی عەرەبی لە خانەقین لە هەڵکشان بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ