رووداو دیجیتاڵ
لەدوای ئاهەنگەکانی نەورۆز لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەک چالاکڤان و هاونیشتمانی بەهۆی بەشداریکردن و بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەکانی ئەو جەژنە دەستبەسەرکران.
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزە ئەمنییەکان لە شاری سەقز، شێخ زاهید شەهابی، شێخی خانەقای ئازادییان لەو شارەدا دەستبەسەر کرد. بەپێی هەواڵی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، دەستبەسەرکردنی شێخ زاهید شەهابی پەیوەندی بە رێوڕەسمەکانی نەورۆز و بەتایبەت ئاهەنگی نەورۆز لەسەر چیای جاقل هەیە، کە لەو رێوڕەسمەدا شێخ زاهید شەهابی گوتارێکی پێشکێش کرد و ئاگری نەورۆزی کردەوە.
بڕیاربوو ئەمڕۆ لە گوندی ئاویهەنگی سنە ئاهەنگێک بە بۆنەی نەورۆز بەڕێوەبچێت، بەڵام پێش بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکە سێ چالاکڤانی گوندەکە بە ناوەکانی شێروان حەیدەری، ئیدریس حەیدەری و سیروان حاتەمی دەستبەسەرکران. هەروەها هێزێکی زۆری ئەمنی لە دەوروبەری گوندەکە و سەر رێگەکان بڵاوەی پێکرابوو بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکە.
هەر لە سنە، شنۆ محەممەدی و ئاریوان شاکری، چالاکڤانانی مەدەنی کە هاوژینی یەکدین، بەهۆی بەڕێوەبردنی ئاهەنگی نەورۆز دەستبەسەرکراون. هەر لەو شارە مەحموود نادری، خەڵکی ناوچەی کەلاتەرزان کە دوو هەفتە پێش لە گرتووخانە ئازاد کرابوو، بەهۆی بەشداریکردن لە ئاهەنگی نەورۆز دەستبەسەر کرایەوە.
لە شاری مەریوانیش کاروان دافعی، ژینگەپارێز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا. لە رۆژانی رابردوودا لانیکەم 9 کەسی دیکە لە مەریوان بەهۆی ئاهەنگەکانی نەورۆز دەستبەسەرکراون.
لە شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان وەکو سەقز، بۆکان، مهاباد، پیرانشار، شنۆ، ورمێ و سەردەشتیش لە رۆژانی رابردوودا ژمارەیەک هاونیشتمانی و چالاکڤان بە هەمان هۆکار دەستبەسەر کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ