کوردستان

پڕۆژەی ئاوی ئیفراز هەولێر؛ وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە و لەلایەن بڵند تاهیر وێنەگری رووداو دیجیتاڵ تۆمار کراوە
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر دەڵێت، 70٪ـی کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بووە، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ تەواوی پڕۆژەکە دەکەوێتە کار.
رۆژی دووشەممە، 24ـی ئاداری 2025، ئەندازیار هێمن نەزیف، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کارەکان زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت، شەو رۆژ کار دەکەین، تاوەکو ئێستا توانیومانە 70٪ـی کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بکەین، بە تەواوبوونی پڕۆژەکە کێشەی کەم ئاوی لە هەموو پارێزگای هەولێر بە تەواوی چارەسەر دەبێت."
پڕۆژەکە 480 هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەم دەهێنێت. سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە گوتی، بە تەواوبوونی، پێداویستیی ملیۆن و نیوێک هاووڵاتی دابین دەکات کە لە سەرووی ستانداردە جیهانییەکانەوەیە.
لەبارەی قۆناخەکانی پڕۆژەکە هێمن نەزیف دەڵێت، "لەسەر رووبارەکان لە رێگەی دوو بۆڕی 160سم، ئاو بە دووری حەوت بۆ هەشت کیلۆمەتر دەگوازرێتەوە بۆ شوێنی پاڵاوتنی ئاو کە شوێنێکی گەورەیە، لەوێ ئاوەکە ئامادە دەکرێت بۆ خواردنەوە و بەکارهێنان، دوای ئەوە دێتە کۆمەڵگەی سێبیران بۆ چوار کۆگا، پاشان لە رێگەی چوار بۆڕییەوە ئاو بۆ ناوچەکانی هەولێر دابەشدەکرێت."
پڕۆژەکە بە گوژمەی نزیكەی 480 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت. سەرپەرشتیارەکەی گوتی، "نزیکەی 90٪ـی کارەکانی بیناسازی، کۆنکرێت و شیش تەواو بووە."
بە گوتەی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر، "بەشێکی پڕۆژەکە کۆتایی مانگی شەش تەواو دەبێت، دانیشتووانی سونوورت شارەوانیی چوار، پێنج و شەش لێی سوودمەند دەبن، کۆتایی ئەم ساڵیش تەواوی پڕۆژەکە دەکەوێتە کار."
رۆژی 8ـى ئهيلوولى 2024، مهسرور بارزانى، سهرۆكى حكومهتى ههرێمى كوردستان، بهردى بناخهى پڕۆژهى فرياگوزاریی خێراى ئاوى ههولێری دانا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ