نرخی هێلکە لە جیهاندا بەرزبووەتەوە و لە هەرێمی کوردستان دابەزیوە

24-03-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لەکاتێکدا بەهۆی ئەنفلەوەنزای باڵندەوە نرخی هێلکە لە چەند وڵاتێکی جیهان بەرزبووەتەوە، لە هەرێمی کوردستان نرخەکەی دابەزیوە. لەبارەی هۆکارەکەشی بەرپرسێک لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، بەرهەمی نێوخۆ زۆرە و خواست کەمە.
 
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی ئاداری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی کارتۆنێک هێلکە دابەزیوە بۆ 40 هەزار دینار".
 
هەر کارتۆنێک هێلکە 12 شانەی تێدایە، هەر شانەیەک 30 هێلکەی تێدایە و بە 3 هەزار و 500 دینار بۆ 3 هەزار و 750 دینار دەگاتە دەستی هاونیشتنمانیان، لەکاتێکدا مانگێک پێشتر هەر شانەیەک هێلکە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لەنێوان 5 بۆ 6 هەزار دینار بوو.
 
فیراس سدیق دەڵێت: "هۆکارێکی تایبەت بۆ دابەزینی نرخی هێلکە نییە، بەڵام بەرهەمی نێوخۆمان زۆر زۆرە و خواستیش کەمە. ئێستا پێچەوانەی هەموو جیهان کە نرخی هێلکە بەرزبووەتەوە لێرە دابەزیوە".
 
لە هەرێمی کوردستان 33 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکە هەن، کە رۆژانە 13 بۆ 14 هەزار کارتۆن هێلکە بەرهەمدەهێنن.
 
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، ئێستا نرخی هێلکە لە هەرێمی کوردستان لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان هەرزانترە، ئەوەش بەهۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئەنفلەوەنزای پەلەوەر لە وڵاتان.
 
ئەمڕۆ نرخی کارتۆنێک هێلکە لە تورکیا بە نزیکەی 65 دۆلارە، کە دەکاتە 96 هەزار دینار و بۆ هەر شانەیەک هەشت هەزار دینارە. هاوکات لە ئەمریکا نرخی هێلکە بەرزبووەتەوە و هەر کارتۆنێک بە زیاتر لە 60 دۆلار دەفرۆشرێت.
 
22ـی ئەم مانگە، برووک رۆڵینز، وەزیری کشتوکاڵی ئەمریکا رایگەیاند، هاوردەکردنی هێلکە لە تورکیا و کۆریای باشوورەوە دەستیپێکردووە و خەریکن گفتوگۆ لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیکە لەسەر هەمان بابەت دەکەن.
 
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێریی هەرێمی کوردستان گوتی: "لە جیهان بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی نرخی هێلکە بەرزبووەتەوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان دۆخەکە کۆنترۆڵە و هیچ نەخۆشییەکی ئەوتۆ بڵاو نەبووەتەوە".
 
بە گوتەی فیراس سدیق لە مانگی رەمەزانیشدا بەراورد بە مانگەکانی رابردوو، خواست لەسەر هێلکە کەمتر دەبێتەوە، لە وەرزی گەرماش خواست زیاتر کەم دەبێتەوە، ئەوانەش بەشێکی هۆکاری دابەزینی نرخی هێلکەن لە هەرێمی کوردستان.
 
لە هەولێر 15 پڕۆژە، لە سلێمانی 11 پڕۆژە، لە دهۆک 5 پڕۆژە و لە گەرمیانیش 2 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکە هەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە