لە چاکسازییەکان هاوژینان دەتوانن لە 15 رۆژدا دوو کاژێر پێکەوەبن؛ جیابوونەوە بووەتە سفر

18-09-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن چاکسازی پرۆژەیاسای چاکسازی
A+ A-
رووداو هەولێر

5 هەزار و 204 سزادراو لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندان. بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان دەڵێت، شوێنی مانەوە بۆ هاوژینان دابینکراوە و هەر دوو هاوژین، دەتوانن 15 رۆژ جارێک دوو کاژێر لە شوێنەکەدا بمێننەوە.
 
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشتر بەهۆی حوکمدان و مانەوە لە چاکسازییەکان، جیابوونەوەی هاوژینەکان دەگەیشتە 20%، ئێستا شوێنی مانەوەمان بۆ دابینکردوون و توانیومانە رێژەکە دابەزێنین بۆ سفر".
 
ئیحسان عەبدولڕەحمان گوتی، ئامانجیان لە دابینکردنی شوێنی مانەوە بۆ هاوژینەکان ئەوەیە، جیابوونەوەی هاوژینان رابگرن؛ هەروەها رێگری بکەن لە تێکچوونی شیرازەی خێزانەکان و پەرتەوازەبوونی منداڵەکانیان.
 
ژووانی هاوژینان چییە و کێ دەگرێتەوە؟
 
ژووانی هاوژینان تایبەتە بەو کەسانەی لە چاکسازییەکاندا سزاکانیان بەسەر دەبەن.
 
بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکان دەڵێت، "پێشتریش شوێنی ژووان هەبووە، بەڵام خراپ و پەرتەوازە بوو، ئێمە بەشێوەیەکی باش رێکمانخستەوە. ئێستا هاوژینەکان دەتوانن لە شوێنی ژوواندا دوو کاژێر بمێننەوە".
 
بەگوتەی ئیحسان عەبدولڕەحمان، هاوژینی هەر سزادراوێک لە چاکسازییەکاندا 15 رۆژ جارێک دەتوانێت سەردانی هاوژینەکەی بکات و بۆ ماوەی دوو کاژێر لە شوێنی ژوواندا لە چاکسازییەکان بمێننەوە و گوتیشی، لە رووی دەروونییەوە زیندانییەکان زۆر ئاسوودە دەبن. 
 
بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکان گوتی، "شوێنی ژووان ئێستا تەنیا بۆ هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستانە. کاردەکەین لە داهاتوویەکی نزیکدا شوێنی ژووان بۆ ئەو سزادراوانەش هەبێت کە خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن، چونکە متمانەی دروستمان بە گرێبەستی هاوژینییان نییە و دەمانەوێت بەشێوەیەک بێت، هاوژینی سزادراوانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان گرێبەستی هاوژینییەکەیان لە دادگەکانی هەرێمی کوردستان پشتڕاست بکرێتەوە."
 
زۆرترین ژووان لەلایەن سزادراوانی چاکسازی سلێمانی بووە
 
بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ زۆرترین ژووان لەلایەن هاوژینی سزادراوانی چاکسازیی سلێمانییەوە بووە کە 628 کەس توانیویانە بچنە لای هاوژینەکانیان؛ پاشان لە دهۆک 110 ژووان بۆ هاوژینان رێکخراوە و لە هەولێریش 88 ژووان هەبووە. لە هەڵەبجە هیچ چاکسازییەک نییە.
 
بەگوێرەی نوێترین ئاماری چاکسازییەکان، ئەمڕۆ 18ـی ئەیلوول، لە هەرێمی کوردستان 5 هەزار و 204 سزادراو لە حەوت چاکسازیدا سزاکانیان بەسەر دەبەن. بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکان ئاماژەی بەوەکرد، زۆرترین سزادراو لە هەولێرن، پاشان سلێمانی و دهۆک.
 
ئەوانەی سزادراون جۆرەها تاوانیان ئەنجامداوە، بەڵام زۆرترینیان بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە سزادراون. ئیحسان عەبدولڕەحمان گوتی، "لە کۆی سزادراوان، هەزار و 60 کەسیان بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوەیە کە دەکاتە 20%ـیان".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.