وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ژمارەی بەرپرسە پلەباڵا خانەنشینکراوە نایاساییەکان 464 وەزیر، بریکاری وەزیر، راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتین.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنی پەرلەمان لە وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران لەبارەی ژمارەی پلەباڵا خانەنشینکراوە نایاساییەکان گوتی، وایان پێگەیشتووە کە "53 وەزیر، 53 بریکاری وەزیر، 87 راوێژکار، 271 بەڕێوەبەری گشتی" هەن.
وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد "ژمارەی جەنەراڵەکانمان یەکجار زۆرن و رەنگە لە ئاستی وڵاتی چین بین، هەروەها ژمارەی وەزیرەکانمان لە ئاستی عێراق تێپەڕیوە"؛ ئەوەیشی خستەڕوو بۆ بەڕێوەبەری گشتی و بەشەکانی دیکەش بە هەمان شێوە.
ئاوات شێخ جەناب باسی لەوەش کرد، لەلای وەزارەتی دارایی هیچ پلەیەک لە سەروو وەزیرەوە نییە، سەبارەت بە ماددەی 11 گوتی "ماددەیەکی زۆر گرنگە و بە سەرۆکی هەرێم دەستیپێکردووە و هاتووەتە خوارەوە تاوەکو ئێستا".
وەزیرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەیاسای چاکسازیی بە گرنگ ناوبرد و ئاماژەی بەوە کرد "گرنگیی ئەم چاکسازییە ئەوەیە کە دەرامەتێک بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە" و ئەو دەرامەتەی کە دەگەڕێتەوە جارێکی دیکە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان دابەشدەکرێتەوە بەسەر تێکۆشەراندا.
پرۆژەیاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی و دەرماڵە و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە 19 ماددە پێکهاتووە، لەکاتی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەکە وەزیرە پەیوەندیدارەکان لە پەرلەمان ئامادەدەبن و وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران دەدەنەوە و روونکردنەوە لەبارەی ماددەکانی پرۆژەکە دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ