رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی رەتیدەکاتەوە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لە بەرامبەر بڕێک پارە تۆمار بکرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی کانوونی یەکەمی 2024، لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی راگەیێندراوێکی لەبارەی هەواڵی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان بڵاوکردەوە، گوایە لە دوای سەری ساڵ لە بەرامبەر 1.5 ملیۆن دینار تۆمار دەکرێن. لیژنەکە دەڵێت: "ئێمە سەرلەبەری ئەم ھەواڵە رەتدەکەینەوە و دوورە لە راستییەوە."
لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی رایگەیاندووە: "ئەگەر وەزارەتی ناوخۆ ھەر بڕیارێک دەربکات ئەوا لە پەڕەی فەرمی وەزارەت و بەئاشکرا دەیخاتەڕوو."
هاوکات، لیژنەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، بڕیاری قەدەخەکردنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لە رۆژی دەرچونییەوە تاوەکو ئەم ساتە وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت و ھیچ گۆڕانگاری و پاشگەزبوونەوەیەکی تێدا نییە و نەکراوە.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان زیاتر لە 60 هەزار ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و تۆمارنەکراو لە هەرێمی کوردستاندا هەن.
رۆژی 2ـی ئەم مانگە، لیژنەی باڵای ئەمنیی پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و هەڵگری ژمارەی ساختە و جام ڕەش "خەریکە" دەبێتە دیاردە، بۆیە بڕیاریانداوە دەستیان بەسەردا بگرن".
دوای بڕیارەکەی لیژنەی ئەمنی، هاتووچۆی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان دەتوانن ئۆتۆمبێلەکانیان ببەنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
30ـی ئاداری 2023 بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان دەستیکرد بە پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان و بە تایبەت ئەوانەی پێیاندەگوترێت مەلیکە و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام بوو. بەگوێرەی ئەنجامەکەی، "زۆرینەیان شیاوی بەکارهێنان نین".
لە هەرێمی کوردستان تەنیا رێگە بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێلی نوێ دەدرێت. بێ سەرەتاکان مۆدێلیان خوار مۆدێلی رێگەپێدراوە.
ئەو ئۆتۆمبێلانەی پێیاندەگوترێت بێ سەرەتا و تۆمار ناکرێن ئەوانەن، کە بە قاچاخ و لە دەروازەکانەوە هێنراونەتە هەرێمی کوردستانەوە و مۆدێلیان خوار مۆدێلی رێگەپێدراوە و لە دەروازەکاندا هیچ پشکنیێکیان بۆ نەکراوە و زۆرینەیان بە "مەلیکە و شاهینە" ناسراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ