عومەر ئۆجەلان: پێویستە کێشەی تورکیا و رۆژئاوای کوردستان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی
عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی دەڵێت، پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان هەڵوێستیان هەبێت. دەشڵێت: ''دەمانەوێت کێشەکە لە رێگەی دانوستاندنەوە چارەسەر بکرێت.''
 
رۆژی دووشەممە، 23-12-2024، لایەنگرانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەسەر سنووری کۆبانی لە نێوان رۆژئاوا و باکووری کوردستان، دژی هێرشی تورکیا و هێزەکانی نزیکی بۆ سەر رۆئاوای کوردستان گردبوونەوە و عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''لە هێرشەکانی تورکیادا رۆژنامەڤانیش دەکوژرێن، کوشتنی رۆژنامەڤان سەرکۆنە دەکەین.''
 
عومەر ئۆجەلان گوتی: ''ئێستا تەنیا شەش کیلۆمەتر لە کۆبانی دوورین، خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان لەبیرناکەین، گەلی کورد دەمێکە بۆ ئاشتی و چارەسەریی دیموکراسییانە هەوڵ دەدات.''
 
8ـی ئەم مانگە، دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) کۆتایی بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی وڵاتەکە هێنا. لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەکەی هەتەشە، هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سوپای نیشتمانیی سووریا لە چەند ناوچەیەک دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەستیپێکرد.
 
عومەر ئۆجەلان گوتی: ''سیاسەتی حکومەتی تورکیا لە هەمبەر رۆژئاوای کوردستان قبووڵ ناکرێت، ئەم شەڕەی لە کۆبانی روودەدات، دژی خوشک و برای ئێمەیە.''
 
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی رووی دەمی کردە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و گوتی، لایەنە سیاسییەکان لە رۆژئاوای کوردستان کە دەیانەوێت لە رێگەی دیالۆگەوە کێشەکان چارەسەر بکەن، "ئێوەش دژی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بوەستنەوە."
 
بیانووی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە ئەوەیە کە بەشێک لە هێزەکانیان، ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـن. مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدەش رایگەیاندووە، ئەگەر لەگەڵ تورکیا بگەنە رێککەوتنی وەستاندنی شەڕ، ئەوا شەڕڤانانی دەرەوەی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، سووریا جێدەهێڵن.
 
عومەر ئۆجەلان دەڵێت: "رۆژئاوای کوردستان دەستی ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەکانی درێژ کردووە و ئێمەش پاڵپشتی دەکەین؛ دەمانەوێت ئەم بابەتە لە رێگەی دانوستاندنەوە چارەسەر بکرێت.''
 
عومەر ئۆجەلان داوای کرد کۆتایی بە هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان بهێنرێت و گوتی: ''بانگەوازیی ئێمە بۆ هەموو پارتە کوردییەکانە لە هەر چوار پارچەی کوردستان، کاتی بەرزکردنەوەی ناسنامەی کورد، بەرژەوەندیی گەلی کورد و ئازادیی وڵاتە.''
 
کشانەوەی شەڕڤانە کوردەکانی دەرەوەی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، مەرجێکی سەرەکیی تورکیایە بۆ کۆتایهێنان بە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە. 
 
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدەیە، لەلایەن ئەنقەرەوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتان.

نێچیرڤان بارزانی داوا لە وڵاتانی زلهێز دەکات مافی کورد لە سووریا بپارێزرێت

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ماوەی هەفتەیەکدا لەگەڵ وەزیرانی بەرگریی ئەڵمانیا، ئیتالیا، هۆڵەندا و سەرۆک ئەرکانی بەریتانیا و فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی دژی داعش لە عێراق و سووریا کۆبووەوە.