رووداو دیجیتاڵ
لەسەر دۆسیەی كوشتنی كچێک هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد. پۆلیس دەڵێت، کچەکەیان لەژێر ئەشکەنجە دا کوشتووە.
رۆژی دووشەممە، 23ـی کانوونی یەکەمی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "دوای ئەوەی هێزەکانی پۆلیس لە رووداوی کوشتنی کچێک لە گەڕەکی ئازادیی شاری سلێمانی ئاگادارکرانەوە، دەستبەجێ هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و كەشف و هێڵكاریی بۆ شوێنی تاوانەكە ئەنجامدرا و لێكۆڵنەوەكان بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباران دەستیپێكرد."
پۆلیس دەڵێت، دوای گەیشتنە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، "توانرا تۆمەتباری یەکەم دەستگیربکرێت، لێکۆڵینەوە و بەدواداچونی هێزەکانی پۆلیس بەردەوام بوو بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباری دووەم، سەرەنجام توانرا تۆمەتباری دووەمیش دەستگیربکرێت."
بەگوێرەی پۆلیسی سلێمانی، لە لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسدا دەرکەوتووە، "کچە کوژراوەکە خزمی تۆمەتبارەکانە و بەسەردان سەردانی ماڵی تۆمەتبارانی کردووە، بەڵام دواتر بەندیان کردووە و ئەشکەنجەیان داوە تا گیانی لەدەستداوە."
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، ئێستا هەردوو تۆمەتبار (م. ئـ. ک) لەدایكبووی 1989 و (ئـ. ح. ع) لەدایکبووی1987 کە بە رەگەزنامە عەرەبن، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 406 لەیاسای سزادان راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ