نێچیرڤان بارزانی داوا لە وڵاتانی زلهێز دەکات مافی کورد لە سووریا بپارێزرێت

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیپان رۆژهەڵاتی
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتان.
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتان.
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ماوەی هەفتەیەکدا لەگەڵ وەزیرانی بەرگریی ئەڵمانیا، ئیتالیا، هۆڵەندا و سەرۆک ئەرکانی بەریتانیا و فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی دژی داعش لە عێراق و سووریا کۆبووەوە.  
 
بە پێی ئەو زانیارییانەی کە رووداو لە نێو کۆبوونەوەکان بەدەستی خستوون، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی لەگەڵ هەریەک لە ئەمریکا، فەڕەنسا، بەریتانیا و تورکیا لە بارەی بارودۆخی سووریا لە پەیوەندیدایە.
 
ئەمریکا، بەریتانیا و وڵاتانی ئەورووپا دەیانەوێت بۆچوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بارەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و بەتایبەت سووریا بزانن.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکاندا جەختی کردووە لەسەر ئەوەی پێویستە هەوموو لایەک هەوڵ بدەن بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری سووریا و لەو نێوەدا ماف و پێگەی کورد بپارێزرێت.  
 
هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی رووداو لە نێو کۆبوونەوەکاندا بەدەستی خستوون، وڵاتانی رۆژئاوایی بۆچوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان لەبارەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی دژی داعش لە عێراق و سووریا وەرگرتووە.  
 
نێچیرڤان بارزانی بە پێویستی زانیوە هاوپەیمانی دژی داعش لە عێراق بمێنێت. چەندین جار سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە کە مەترسی داعش هێشتا ماوە. 
 
بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان، داعش لە بەعقووبە، سەلاحەدین و حەمرین لە عێراق و بووکەمال و ناوچەکانی دیکەی سووریا دووبارە خۆی رێکدەخات. ئەوەش جێی بایەخی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی هاوپەیمانی دژ بە داعشە.
لە کۆبوونەوەکاندا جەختکراوە لەسەر گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانی دژی داعش. 
 
 
خاڵێکی دیکەی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی رۆژئاوایی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە بووە.  لە کۆبوونەوەکاندا کە وەزیری پێشمەرگە ئامادەبووە،  جەختکراوە لەسەر پەلەکردن لە جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە.
 
لەم مانگەدا، ژمارەیەک شاندی سەربازی وڵاتانی زلهێز و کاریگەر سەردانی هەولێریان کردووە و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە.  
 
رۆژی پێنجشه‌ممه 2024/12/12 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی له‌ بۆریس پیستۆریوس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا کرد، هەر هەمان رۆژ لەگەڵ ئەدمیراڵ سێر ئه‌نتۆنی راداکين، سوپاسالاری بەریتانیا و شاندێکی پایەبەرزی سەربازی و دیپلۆماسیی یاوەری، کۆبووەوە.  
 
لە بەردەوامی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی رۆژئاوایی، رۆژی سێشه‌ممه‌ 2024/12/17 نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جه‌نه‌راڵ كێڤن لێيهى، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا کرد و رۆژی یەکشەممە، پێشوازی لە گۆیدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا کرد و ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 2024/12/23  پێشوازیی لە روبن بریکلمانس، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا و شاندێکی یاوەری کرد. 
 
بەپێی راگەیێنراوی کۆبوونەوەکە، هەردوولا جەختیان لەسەر بره‌ودان به‌ هه‌موو بواره‌کانی په‌یوه‌ندی و گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزە هۆڵەندییەکان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، کردەوە.
 
هەر کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەکە و رۆڵی هەرێمی کوردستان لە پتەوکردنی سەقامگیریدا کراوە و هەوڵەکانی چاکسازی و یه‌کخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ لە چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی کاروباری پێشمەرگەدا، خراوەتە بەر باس.
 
بابەتێکی دیکەی سەردانی ئەو شاندە سەربازییانە، بەسەرکردنەوەی ئەو هێزانەیانە کە لە عێراق و هەرێمی کوردستانن، کە بە بۆنەی سەری ساڵ و کریسمسەوە سەردانیان دەکەن.  
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە