رووداو دیجیتاڵ
لە 24 کاژێری رابردوودا شووکردنی کچە کوردێک بە کوڕێکی سوودانی دەنگدانەوەی زۆری لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەبوو، کچەکە بۆ رووداو دەڵێت: پێشتر شووم بە کوڕە کوردێک کرد، بەڵام جیابووینەوە و ئێستا ئەویش ژنی هەیە.
پەیڤین وەفا، ئەو کچە کوردەیە کە شووی بە مەجید کردووە کە خەڵکی سوودانە، ئەو بەشداری بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 1:00ی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد و سەبارەت بەدەنگدانەوەی خەڵک لەبارەی هاوسەرگیرییەکە گوتی، راستە خەڵكێکی زۆر کۆمێنت و قسەی زۆری کردووە لەسەر پرۆسەکە "بەڵام ئەوەی بۆمن گرنگ بوو نامە جوانەکان بوو و هیچی دیکە". دەشڵێت: کەسوکارەکەم زۆر تێگەیشتوون و مەجیدیش بەلایەوە ئاساییە کە خەڵک قسەی ناشرینی کردووە و ئەویش پێی گوتم "گوێی پێمەدە".
سەبارەت بە یەکترناسینیان پەیڤین دەڵێت، "لە دەزگایەکی خێرخوازی یەکدیمان ناسی، هەرچەندە کەسوکارەکەم سەرەتا پێیانناخۆش نەبوو، بەڵام دواتر رازیی بوون و وتیان کە لارییان نییە لەسەر هاوسەرگیرییەکە.
بەگوتەی پەیڤین پێشتر مەجید شارەزای کوردستان بووە و دەشڵێت، زۆر حەزی لە جلوبەرگی کوردی و خواردنی کوردەوارییە. پەیڤین و مەجید دەستگیراندارن، بەڵام تاوەکو ئێستا لەبەر کۆرۆنا نەیانتوانیوە ئاهەنگ بکەن، دەشڵێت "ئەگەر ئاهەنگیش نەکەین، رێوڕەسمێکی بچووک رێک دەخەین".
دوای بڵاوبوونەوەی وێنەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڤیدیۆی کوڕێک بڵاوبوویەوە و گوتی "پەیڤین هاوژینی من بووە و تاوەکو ئێستا لێی جیانەبووەمەتەوە" بەڵام پەیڤین ئەو قسانەی رەتکردەوە و رایگەیاند "ئەو لەلای مەلا تەڵاقنامەکەی وەرگرتووە و هیچ پەیوەندییەکم بەوەوە نەماوە و ئێستاش ئەو ژنی هەیە".
پەیڤین لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت، هیوادارم ئەو رەگەزپەرستییە نەمێنێت و ئەوەی من کردوومە تازە نییە و زۆریش ئاساییە و پێشتریش ئەم جۆرە هاوسەرگیرییانە هەبوون، لەبەرئەوە ئێمە هەموومان خوای گەورە دروستیکردووین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ