وەزارەتی کشتوکاڵ: لە یەکی حوزەیرانەوە دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەکەین

18-05-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن گەنم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەڵێت، وەرزی دروێنە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و رێکارەکانی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانیش تەواو بووە و یەکی حوزەیران دەست بە وەرگرتنی گەنم دەکرێت. 
 
رۆژی پێنجشەممە 18-05-2023 هیوا عه‌لی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە دەشتی هەولێر، سلێمانی، مەخموور و گەرمیان وەرزی دروێنە دەستیپێکردووە، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاتر بێت، لە هەندێک شوێندا پێشبینی دەکرێت بەرهەم دووهێندەی ساڵی پار بێت، چونکە ئەمساڵ کەشوهەوا بەراورد بە پار باشتر بووە".
 
بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، رێکارەکانی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانیش دەستیپێکردووە و دەڵێت "لە یەکی حوزەیرانەوە دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەکرێت. ئەمساڵ هیچ بڕێکی دیاریکراویش دەستنیشان نەکراوە؛ جووتیاران چەند گەنمیان هەبێت، لێیان وەردەگیرێت چونکە ئەمساڵ عێراق پێویستی بە گەنمی زیاترە".
 
ساڵی رابردوو بەگشتی لە هەرێمی کوردستانیش 320 هەزار تۆن گەنم رادەستی سایلۆکان کرا و تۆنێک گەنمی جوتیاران بە 850 هەزار دینار وەرگیرا؛ هیوا عەلی گوتی، بڕیارە ئەمساڵیش بە هەمان نرخ گەنم لە جوتیاران وەربگیرێت.
 
لە یەکی مانگی چوارەوە، وەرزی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەستیپێکرد، هەروەها نرخی هەر تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرێت.
 
ئەمساڵ لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا بارانبارین زیاتر بووە بەراورد بە بارانبارینی وەرزی رابردوو. رۆژی 03-05-2023 شێخ هیشام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، پێشبینی دەکەن ئەمساڵ بەرهەمی گەنم "زۆر باشتر بێت لە ساڵی رابردوو".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە