"ئەم ساڵ ساڵی گەنمە"؛ جووتیاران بەرهەمیان زۆرە و ترسی ساخکردنەوەیان هەیە

30-03-2024
بەختیار قادر
بەختیار قادر
بەرهەمی گەنم لە هەرێمی کوردستان
بەرهەمی گەنم لە هەرێمی کوردستان
نیشانەکردن گەنم گەنمی جووتیاران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

قەرسیل لە پشتێنە و زۆری نەماوە گوڵە گەش و تێر ئاوە پڕ دانەکان بگەنە بەرهەم. حەیدەر حەسەن 300 دۆنم زەوی لە دەشتی شەمامک بە گەنم چاندووە، بارانی زۆر وای لە گەنمەکە کردووە ئەم ساڵ چاوەڕێ بێت زیاتر لە 400 تۆن گەنمی هەبێت.
 
حەیدەر حەسەن، جووتیار بە رووداوی گوت "بارانی زۆر و کەشوهەوای خۆش، بەتایبەتی زۆریی بارانی بەهار وای کردووە من لە ژیانمدا ئەوەندەی ئەم ساڵ گەنمی وا بە باڵا و گوڵ گەورە نەبینم، ئەم ساڵ ساڵی گەنمە."
 
وەرزی دروێنەی گەنم لە ناوچە گەرمەسێرەکانی باشووری کوردستان سەرەتای مانگی پێنجە. ئەم ساڵ لە پێنج ملیۆن دۆنم زەویی دێمی، زیاتر لە 50 هەزار جوتیار رووبەری نزیکەی لە سێ ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوییان بە گەنم و جۆ چاندووە.
 
گوڵی گەورە و پڕلە گەنم، وایان کردووە قەدەکان بەئەستەم توانای راگرتنی گوڵەکان بگرن، ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە؛ حکومەت گەنمەکانیان بێ سەرئێشە لێ بکڕێت.
 
حاتەم حوسێن، جووتیارە و دەڵێ "خەمی فرۆشتنمان نەبێت و حکومەتی عێراق لێمان بکڕێتەوە، سوودمەندی باش دەبین و وەکو ساڵانی رابردووش بێت، زیانی زۆر دەکەین."
 
جەنگی کاکە لاس، جووتیارێکی دیکەی هەرێمی کوردستانە و قسە بۆ رووداو دەکات، دەڵێ "ئەگەر جیاوازیمان نەبێت و وەک جووتیارانی عێراق بێت، زۆر باشە و ئەوان چەندەیان گەنم هەبێت لێیان دەکڕنەوە، بەڵام بۆ ئێمە لە 100 دۆنم 20 تۆنمان لێوەردەگرن، لە کاتێکدا ئەم ساڵ لەو رووبەرە نزیکەی 150 تۆنمان دەبێت."
 
جووتیارێکی دیکە بەناوی فەرهاد عومەر دەڵێ زۆر باش دەبێت ئەگەر "تاوەکو وەرزی دروێنە نەهاتووە، هەردوو حکومەت رێککەوتبان، نەوەک کاتی دروێنە، کە هێشتا روون نەبێت گەنمان لێ وەردەگرن یاخود نا."
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو کۆی بەرهەمی گەنم نزیکەی 800 هەزار تۆن بوو. بۆ ئەم ساڵ پێشبینیان وایە زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن بێت.
 
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێ "پلانمان هەیە بۆ وەرزی بە بازاڕکردنی 2024. ئەم پلانە لەسەر دابەشکردنی ناوچەکانە بەگوێرەی رووبەری کشتوکاڵی و چێندراویان بە گەنم، هاوئاهەنگیێکی باشمان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە، بڕی ئەو گەنمەی وەردەگیرێت لە چوارچێوەی پلانی وەزارەتە و ناتوانین لەوە زیاتر وەریبگرین."
 
هەردوو وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەم ساڵ ناوی جوتیارانی گەنمیان تۆمارکردووە، کە چەند بنەتۆیان لە چەند دۆنم زەوی چاندووە بۆ ئەوەی کێشەی پارساڵ دووبارە نەبێتەوە و بەرهەمی نێوخۆ لە بەرهەمە بیانییەکە جیاواز بکرێتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان

فەهمی بورهان: لە دەوروبەری خانەقین، کوڵەجۆ و نەینەوا بەعەرەبکردن بەردەوامە

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات لەوەی لە هەندێک ناوچەکانی دەوروبەری خانەقین و کوڵەجۆ "جۆرێک لە بەردەوامیدان بە بەعەرەبکردن" دەبینن.