رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی پڕۆژەی 'هەژماری من'، ئەمڕۆ زیاتر لە 51 هەزار پێشمەرگەی لیوا هاوبەشەکان لە هەرێمی کوردستان بڕە پارەیەک وەکو هاوکاریی هاوپەیمانان وەردەگرن.
تیمی پرۆژەی 'هەژماری من' لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "ئەمڕۆ (سێشەممە، 8-4-2025) لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە 51 هەزار و 490 پێشمەرگەی لیوا هابەشەکان، هاوکاریی هاوپەیمانان وەردەگرن، کە زۆرینەیان لە سنووری هەولێرن، پاشان سلێمانی و دهۆک."
بەپێی داتاکەی 'هەژماری من'، ئەمڕۆ پارە خراوەتە سەر هەژماری 21 هەزار و 74 پێشمەرگە لە سنووری هەولێر، 17 هەزار و 60 پێشمەرگە لە سنووری سلێمانی و 12 هەزار و 690 پێشمەرگە لە سنووری دهۆک.
ئەو پێشمەرگانەی پارە خراوەتە سەر هەژمارەکانیان، دەبێت پێش چوونیان بۆ راکێشانی هاوکارییەکە، لە رێگەی کورتە نامەی ئەلیکترۆنییەوە ئاگادارکرابێتنەوە.
لیوا هاوبەشەکان، ئەو هێزانەن لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە یەکخراون، جگە لەوان، هێشتا هێزەکانی 70 و 80 ماون لە دەرەوەی وەزارەتەکە، کە یەکەمیان سەر بە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و ئەوەی دیکەش سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە، هاوکارییەکە ئەو دوو هێزە ناگرێتەوە.
6ـی ئەم مانگە، لیوا توانا سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و بەرنامەکانی ژمێریاریی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بە رووداوی راگەیاند، "هاوکارییەکان لە مانگێکەوە بۆ مانگێکی دیکە جیاوازن و بڕەکەی جێگیر نییە، چونکە پێشمەرگە زیاد دەبێت و رێکاری گواستنەوەیان دەکرێت".
بۆ وەرگرتنی مووچەی ئەوانەی لە رێگەی ئامێرەکانی راکێشانی پارەوە مووچە وەردەگرن، 564 ئامێری راکێشانی پارە (ATM) لە زیاتر لە 200 شوێنی جیاوازی هەرێمی کوردستان دا دانراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ