رووداو دیجیتاڵ
توێژینەوەیەکی نوێ ئاستی مەترسیی ئاوەڕۆی زبڵدانەکان لە هەولێر ئاشکرا دەکات، رەخنەی لە شێوازی فڕێدانی زبڵ هەیە، توێژینەوەکە چارەسەرێکی سرووشتی دەدۆزێتەوە.
سۆزان باپیر، توێژینەوەیەکی لەبارەی ئەو شوێنانە کردووە کە زبڵی تێدا کۆدەکرێتەوە، شاری هەولێری وەکو نموونە وەرگرتووە، بە گوێرەی توێژینەوەکە، ئاوەڕۆی زبڵدانەکان کاریگەریی مەترسیدار لەسەر خاکەکە دروست دەکات.
توێژینەوەکە بەناونیشانی (کاریگەریی بایۆچار لەسەر چارەسەری خاکی پیسبوو بەهۆی ئاوەڕۆی زبڵدانەکان) کراوە، بە گوێرەی نێوەرۆکەکەی، "فڕێدانی هەڕەمەکیی زبڵ و خاشاک بەبێ چارەسەرکردن بووەتە هۆی دەرکەوتنی کێشەیەکی ژینگەیی مەترسیدار"، ئەویش پیسبوونی خاکە بەهۆی "ئاوەڕۆی زبڵدان" یان لەیچیتەوە.
سۆزان باپیر، توێژەر و مامۆستای زانکۆ میوانی بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، لەبارەی توێژینەوەکەیەوە دەڵێت: توێژینەوەکەی لەسەر ناوچەی کانی قرژاڵە لە هەولێر کردووە، بەهۆی خراپیی مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵگرتن و فڕێدانی زبڵ لەو شوێنە، کە بە گوتەی ئەو "کێشەی مەترسیدار"ـی بۆ خاکەکەی دروست کردووە.
ئەو توێژەرە گوتی. ئاوەڕۆی زبڵدانەکە واتە ئەو شلەیەی لێی دەردەچێت (لەیچیت)، دەبێتە هۆی زیادبوونی هەندێ کانزا لەنێو خاکەکە وەکو، قوڕقوشم، کادمیۆم و نیکڵ.
سۆزان باپیر لە ئەنجامی توێژینەوەکەدا چارەسەرێکی دۆزیوەتەوە و نێوی ناوە (بایۆچار) واتە (چارەسەرکردن بەشێوازی سرووشتی). بۆ دروستکردنی چارەسەرەکە، سوودی لە توێکڵی گوێز و گەڵا و لقوپۆپی داربەڕوو وەرگرتووە.
توێژەرەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هەردوو مادەکە لەژێر پلەی 300 -700 پلەی سیلیزی دەسووتێندرێت بێ ئەوەی ئۆکسجین بەشداریی سووتانەکەی بکات، تێکەڵ بە خاکە پیسبووەکە دەکرێت و خاوێنی دەکاتەوە.
ئەم توێژینەوەیە ئەمڕۆ لە یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا لە هەولێر دەخرێتەڕوو.
ئەمڕۆ کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا لە هەولێر دەستپێدەکات، کۆنفرانسەکە زانکۆی سەلاحەدین رێکخستووە، نوێنەری 15 وڵات و 29 زانکۆ بەشداریی تێدادەکەن، ماوەی دوو رۆژ دەخایێنێت.
سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە رووداوی راگەیاند ئەم کۆنفرانسە بە ئامادەبوونی نوێنەری زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، عێراق، وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپی بەرێوەدەچێت.
163 لێکۆڵەر بە نووسینی 54 توێژینەوە لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارن و بەشێکی زۆری لێکۆڵینەوەکان لەسەر ژینگەی هەرێمی کوردستانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ