کریستیان و ئێزدی دژی قەدەخەکردنى خواردنەوە کحولییەکان سکاڵا تۆماردەکەن

24-10-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن گەنم ئێران کحوول
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چوار کوردی ئێزدی و کریستیان لە دژی یاسای داهاتی شارەوانییەکانی عێراق، کە تێیدا هاوردەکردن، بەکارهێنان، کڕین و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان قەدەخە دەکات، لە دادگەی فیدراڵی سکاڵایان تۆمارکرد. یەکێک لە سکاڵاکارەکان دەڵێت "پێشبینی دەکەین دادگە وردتر لەسەر سکاڵاکە بووەستێت، چونکە پێشێلکاریی دەستووریی تێدایە.''
 
بەپێی وادەی دیاریکراو لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵی بۆ دانیشتنەکان، رۆژی 21ـی مانگی داهاتوو دادگەکە بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەک کۆدەبێتەوە، کە لەلایەن چوار کەسەوە "دوو کریستیان و دوو ئێزدی" تۆمارکراوە.
 
هەریەک لە مەحما خەلیل، وەلید جاسم، کە ئێزدین، لەگەڵ نزار عیسا جبرائیل و غەزوان سالم لە دادگەکە سکاڵایان لەسەر محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کردووە، داوادەکەن دادگەی فیدراڵی مادەی 14ـی یاسای داهاتەکانی شارەوانیی ژمارە یەکی ساڵی 2023 رەتبکاتەوە، کە بەپێی ئەو یاسایە؛ هاوردەکردن، دروستکردن و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان قەدەخە دەکرێت.
 
وەلید جاسم کوردێکی ئێزدییە و بازرگانە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەو مادەیەی یاسای شارەوانییەکان پێشێلکاریی دەستوور و مافە تاکەکەسییەکانە و رەچاونەکردنی پێکهاتەکانی دیکەی جگە لە موسڵمانانە لە عێراق، بۆیە سکاڵامان لە دژی تۆمارکردووە." 
 
لەبارەی ئەگەری رەتکردنەوەی سکاڵاکەیان هاوشێوەی 14 سکاڵای پێشوو کە لەسەر ئەو مادەیە لە دادگەی فیدراڵی کرابوون، وەلید جاسم، گوتی: "چاوەڕوانین دادگەی فیدراڵی وردتر بە یاساکە و مادەی 14ـیدا بچێتەوە، چونکە پێشێلکاریی روونی دەستووری عێراقی تێدایە."
 
بەگوێرەى یاسای داهاتى شارەوانییەکان کە 22ـی شوباتى 2023 بڵاوکرایەوە، هاوردەکردن، دروستکردن و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە قەدەخە دەکرێت، سزاکەشی لە 10 ملیۆن دینار کەمتر نابێت و لە 25 ملیۆن دیناریش زیاتر نابێت.
 
مانگی ئاداری ئەمساڵ، لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، 12 سکاڵا دژی یاسای داهاتی شارەوانییەکانی عێراق تۆمار کران.
 
رۆژی یەکشەممە 27ـی ئابى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق دوایین کۆبوونەوەى لەبارەى سێ سکاڵاوە کرد کە لە دژى بڕگەیەکى یاسای داهاتى شارەوانییەکانى عێراق تۆمارکرابوو و، سکاڵاکانى رەتکردەوە.
 
دوای ئەوەی رۆژی 20ـی شوباتی ئەمساڵ وەزارەتی دادی عێراق، یاسای داهاتی شارەوانییەکانی لە ژمارە 4708ـی رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوکردەوە، رۆژی 4ـی ئادار دەستەی گشتی گومرکەکانی عێراق لە نووسراوێکدا داوای لە سەرجەم خاڵە گومرکییەکان کرد، هاوردەکردنی خواردنەوە کحولییەکان قەدەخە بکەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی

سوودانی داوای بەدواداچوون بۆ داننان بە زانکۆیەکی کوردستان دەکات

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە نووسینگەکەی دەکات بە دواداچوون بۆ داننان بە زانکۆی گەرمیان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بکات.