رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، تاوەکو بەرهەمی ناوخۆ پێدەگات، قەدەخە لەسەر هاوردەکردنی تەماتە هەڵدەگیرێت.
رۆژی دووشەممە، 7ـی نیسانی 2025، هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای ئەوەی بەدواداچوونمان کرد لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆمان دەرکەوت بەرهەمی تەماتە کەم بووە و نرخەکەی گران بووە، بۆیە بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بڕیاردرا، تاوەکو پێگەیشتنی تەماتەی ناوخۆ قەدەخەی هاوردەکردنی هەڵبگیرێت."
وەکو گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، لەمڕۆوە نرخی تەماتە لە بازاڕەکاندا دادەبەزێت، چونکە تاوەکو نزیکەی مانگێکی دیکە و کاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆی قەدەخەی هاوردەکردنی هەڵگیرا
هیوا عەلی گوتی: "بەپێی رۆژژمێری کشتوکاڵی لەگەڵ عێراق رێککەوتووین، کاتێک تەماتەی عێراق پێدەگات هاوردەکردن رادەگرین و کاتێک تەماتەی هەرێمی کوردستانیش پێگەیشت عێراق هاوردەکردنی تەماتە رادەگرێت، بەڵام لە ماوەی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان تەماتە کەم بووەوە، بۆیە قەدەخەکە هەڵگیرا."
رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ تەماتەی عێراقی بە کۆ کیلۆی بە 900 بۆ هەزار دینار بوو، لە بازاڕدا کیلۆی بە هەزار و 500 دینار بوو، ئەمڕۆ بڕیارەکە دەرچووە بۆیە زۆر دانەبەزیوە، بەڵام لە سبەیەوە نرخەکەی دادەبەزێت و بۆ دوو رۆژی داهاتوو دەگاتە 400 بۆ 500 دینار."
بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر: "80%ـی تەماتە لە ئێران هاوردە دەکرێت، ئەوەی دیکەشی لە میسر و سووریا، لە تورکیاش هاوردە دەکرێت، بەڵام بەهۆی گرانی نرخەکەی لەوێ کەمتر هاوردە دەکرێت."
سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە (رووداو)ی گوت: "ئەمڕۆ نرخی یەک کیلۆ تەماتە بە کۆ بە 600 بۆ 750 دینار بوو، بەیانی و دوو بەیانی نرخی دەگاتە 500 دینار."
لەبەر بەرژەوەندیی جووتیارانی نێوەڕاست و باشووری عێراق، لە 26-1-2025ـەوە هاوردەکردنی تەماتە بۆ هەرێمی کوردستان قەدەخە کرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ