رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی کرماشان دەڵێت، بە مەبەستی پاراستنی دارەبەنەکان لە سنووری ئەو پارێزگایە کە ژمارەیان لە کەمبوونەوەدایە، بنێشتگرتن لەو دارانە بۆ سێ ساڵ قەدەخە دەکرێت.
وەحید عەزیزی، سەرۆکی بەشی بەکارهێنانی بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی کرماشان رایگەیاند، تاوەکو سێ ساڵی دیکە هیچ مۆڵەتێک نادرێت بنێشتگرتن لەو دارانە قەدەخەیە.
سەرۆکی بەشی بەکارهێنانی بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی کرماشان گوتی، پار بنێشتی دارەبەنەکانی پارێزگای کرماشان نزیکەی 60 تۆن بووە؛ ئاماژەی بەوە کرد، بەشێکی بنێشتەکە لە نێوخۆی کرماشان دەفرۆشرێت و بەشێکیش هەناردەی وڵاتانی کەنداو دەکرێت.
بە پێی ئامارە فەرمییەکان، 527 هەزار هێکتار لە رووبەری پارێزگای کرماشان دارستانە و نزیکەی 200 هەزار هێکتاری دارەبەنە.
دارستانەکانی دارەبەن بەشێکی پارێزگاکانی سنە و ئیلامیش پێکدێنن.
بنێشتی دارەبەن یان بنێشتە تاڵە لە بوارەکانی پزیشکی، رەنگ و خۆراکدا بەکاردێت.
بنێشتگرتن لە دارەبەنەکان، لە بەشێکی پارێزگاکانی سنە و ئیلامیش هەیە و سەرچاوەی داهاتی هەزاران خێزانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ