رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند رۆژی چوارشەممە قۆناخی دووەمی بەفربارین دەستپێدەکات و سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، لە سەنتەری شاری هەولێریش بەفرێکی کەم دەبارێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 17-1-2022، فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە بەفربارینی دوێنێ و ئەمڕۆ زانیاریی خستەڕوو و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشتر پێشبینیمان کردبوو شەپۆلێکی بەفربارین بەدوو قۆناخ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە. قۆناخی یەکەم ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە تەواو دەبێت".
فازڵ ئیبراهیم ئاماژەی بەوەدا ئەمشەو پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن، بە جۆرێک لە زۆر ناوچەدا دەچێتە ژێر سفری سەدی.
بەڕێوەبەری گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی، پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای رۆژی چوارشەممە خستەڕوو و ئاشکرایکرد: "بۆ رۆژی چوارشەممە پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما زیاتر دابەزن و لەگەڵ خۆشیدا نزمە پاڵەپەستۆیەک تێکەڵ دەبێت و دووبارە بارین دەستپێدەکاتەوە، بەهۆی ئەوەی پلەکانی گەرما زۆر نزمە پێشبینی دەکرێت بارینەکە زیاتر بەشێوەی بەفربارین بێت، بارانبارینیش دەبێت، بەڵام زیاتر بەفر دەبێت".
سەبارەت بە کاتی بەفربارینەکەش، فازڵ ئیبراهیم گوتی: "لە نیوەڕۆی چوارشەممەوە بەفربارین لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستپێدەکات، ئێوارەی هەمان رۆژیش لە هەولێر دەبارێت و سنووری ئیدارەی راپەڕین و پارێزگای سلێمانی و زۆرینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، ئەمە تاوەکو پێشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت".
فازڵ ئیبراهیم گوتیشی: "بەفربارینەکە زیاتر لە ئێوارەی چوارشەممە و شەوەکەی بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرما زۆر زیاتر دادەبەزن بەتایبەت ئێوارە و شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی، هەروەها بەفربارینیش زیاتر چڕدەبێتەوە و لەگەڵ هاتنی بارستە هەوایە ساردەکە بارینەکە دەگاتە ئەو ناوچانەی نزمترن و پێشبینی دەکەین لە سەنتەری شاری هەولێر کڕێوە و بەفرێکی کەم ببارێت".
لە رۆژی یەکشەممەوە شەپۆلێکی بەفربارین هەرێمی کوردستانی گرتەوە، بە جۆرێک لە هەندێک شوێن زیاتر لە مەترێک بەفر کەوت.
سەبارەت بە ئاست و رێژەکانی بارانبارین لە ئەمساڵدا، فازڵ ئیبراهیم گوتی: "هێشتا نەگەیشتووینەتە ئاستی پێویستی خۆی، بەڵام بەبەراورد بەساڵی پێشوو زیاتر و باشترە، بەگشتی ئەو رێژە باران و بەفربارینە زۆر دڵخۆشکەرە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ