رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی رۆژنامەگەریی کوردیدا دەڵێت، "پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئازادیی بیروڕا و ئازادیی کاری راگەیاندن و رۆژنامەوانی و کارئاسانیکردن بۆ راگەیاندنکاران دووپات دەکەینەوە."
مەسرور بارزانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "لە یادی رۆژی رۆژنامەگەريی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی (کوردستان) لەلایەن میر میقداد میدحەت بەدرخان و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، پیرۆزبایی لە گشت رۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم."
ئەمڕۆ یادی 127 ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردییە؛ یەکەم رۆژنامەی کوردی بە ناوی (کوردستان) دەرچوو؛ یەکەم ژمارەی لە 22ـی نیسانی ساڵی 1898 بە هەوڵ و تێکۆشانی میر ميقداد ميدحهت بەدرخان لە قاهیرەی پایتەختی میسر بڵاوکرایەوە.
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی:
لە یادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەريی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی (کوردستان) لەلایەن میر میقداد میدحەت بەدرخان و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، پیرۆزبایی لە گشت ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
لەم یادەدا، پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئازادیی بیروڕا و ئازادیی کاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی و کارئاسانیکردن بۆ ڕاگەیاندنکاران دووپات دەکەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی پیشەییانە و بەرپرسیارانە و بە لەبەرچاوگرتنی یاسا و ئیتیک و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی ڕۆژنامەوانی و دوور لە ناوزڕاندن و بەکارهێنانی زمانی زبر ، پەیام و کاری ڕاگەیاندنی خۆیان ئەنجام بدەن.
هیوادارم ڕۆژنامەوانانی کوردستان، لە ئاستی گەورەیی و گرنگیی پیشەکەیاندا بن و ڕۆڵی کارای خۆیان لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و گەیاندنی زانیاریی ڕاست و دروست بگێڕن و هاوکار و یارمەتیدەری دەسەڵات بن بۆ پشتگیریی چاکسازی و نەهێشتنی هەڵە و کەموکورتییەکان.
ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی پیرۆز بێت و ئومێدی پێشکەوتنی زیاتر بۆ ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەخوازم.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2025/4/22
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ