رووداو دیجیتاڵ
ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستانەوە نزیکەی پێنج هەزار کەس بۆ حەجکردن دەچنە سعودیە، لەمڕۆشەوە ئەو کۆمپانیایانەی دەیانەوێت هاوەڵیی حاجیانی کوردستان بکەن، دەبێت دەست بە پڕکردنەوەی فۆڕم بکەن لە نووسینگەکانی حەج و عومرە.
کاروان ستوونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی سعودیە بڕیاریدا وەرزی حەج و حەجکردن وەکو سەردەمی پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای لێبکرێتەوە، ئەمساڵ 4865 کەس دەتوانن لە هەرێمی کوردستانەوە حەج بکەن".
سەبارەت بە داواکاریی پێشکێشکردن لەلایەن کۆمپانیاکانی حەج و عومەرەشەوە گوتی: "ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە داوامان لەسەرجەم کۆمپانیاکانی حەج و عومرە کردووە، ئەوانەی دەیانەوێت بۆ پرۆسەی حەجی ئەمساڵ (2023) هاوەڵی حاجیانی کوردستان بن، ئەوا لە رۆژی 16-2-2023ـوەوە دەتوانن سەردانی نووسینگەکانی حەج و عومرە لە شارەکانیان بکەن بەمەبەستی پرکردنەوەی فۆرمی بەشداربوون بەپێی ئەو مەرجانەی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی حەج وعومرەوە بۆ کۆمپانیاکانی حەج و عومرە لە هەرێمی کوردستان دەرکراون".
دوا وادە بۆ پێشکەشکردنی فۆڕم، وەک کاروان ستوونی باسی دەکات "13ـی 3ـی 2023"ـیە.
پشکی ساڵانەی هەرێمی کوردستان پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ساڵی 2020، نزیکەی پێنج هەزار کەس بوو، بەڵام دوای تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە کرا بە نزیکەی دوو هەزار و 200 کەس، واتە رێژەکە بۆ 42% کەم بووەوە. ئێستا دوای ئەو بڕیارەی سعودیە، هەرێمی کوردستان پشکی پێشووی خۆی وەردەگرێتەوە. کاروان ستوونی گوتی: "پشکەکە زیادیش دەکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ