رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیە دەردەکەوێت، نە دیمەنی نێو فیلمەکانە نە کۆمەڵکوژی، بەڵکو ئاژەڵانی مرداربووەوەن و فڕێدراونەتە نێو ئاوەڕۆی کەندی گوندی جمکە. شوێنەکە تەنیا 15 کلیۆمەتر لە رۆژئاوای هەولێر دوورە.
لە سنوورەکە، نزیکەی 100 کەس مەڕ و ماڵات، بۆ فرۆشتن بەخێو دەکەن.
یەکێک لە ئاژەڵفرۆشانی ناوچەکە دەڵێت، رۆژانە 5 بۆ 10 سەر ئاژەڵی مرداربوو لەم کەندە فڕێدەدرێت.
ئاژەڵفرۆشێک دەڵێت، "ئاژەڵی منیش مرداربوونە و فرێم داوەتە نێو ئەم کەندە، رۆژانە ئاژەڵدارەکان ئاژەڵە مرداربووەکانیان دەهێنن لەم کەندە فرێدەدەن، دەبێت بیانسووتێنن نەوەک فڕێی بدەن"
ئاژەڵفرۆشان دەڵێن، نەخۆشی تەبەق هۆکاری سەرەکی مرداربوونی ئاژەڵەکانیانن، جگە لە دیمەنی ناخهەژێن، بۆنی ناخۆش سنووری ناوچەکەی تەنیوە.
حوسێن زیا، دانیشتووی گوندی تەقەوییە و دەڵێت، "بۆنێکی زۆر ناخۆش لەم سنوورە دێت، بەتایبەت لەکاتی هەبوونی با، ئاژەڵدارێکی زۆر لەم سنوورە هەن و هەموویان لێرە ئاژەڵە مرداربووەکانیان فڕێدەدەن"
بەشێک لە خەڵكی سنوورەکە بۆ کشتوکاڵ سوود لە ئاوی پیسی کەندەکە وەردەگرن، بە درێژایی نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە تووڕەقەوە تاوەکو نزیک گوێڕ دەیان دۆنم سەوزایی پشت بە ئاوەکە دەبەستێت.
دانیشتووێکی گوندی جمکە باس لەوە دەکات، "لەسەر ئاوی ئەم کەندە شیناییەکی زۆر کراوە، بەتایبەت سەوزە، وەکو خاس، تور، پیاز، کەرە و چەند سەوزە و گەنمیشی پێ ئاودەدرێت"
بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێنەری هەولێر لە رێگەی بنکەکانیان ئاژەڵدارانیان ئاگادارکردووەتەوە کە دەبێت ئاژەڵە مردابووەکانیان لەژێر خاک بنێن، بەڵام ئاژەڵدار و ئاژەڵفرۆشێکی کەم پابەندی رێنماییەکە دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ