رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری هاتووچۆی قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ بەهۆی تیژڕۆیی و بارانبارینەوە، دوو رووداوی هاتووچۆ روویاندا، لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی چوارشەممە، 15-11-2023، کاروان میرخان، بەڕێوەبەری هاتووچۆی قەزای کۆیە، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ لە دوو رووداوی جیاوازدا لە سنووری قەزای کۆیە کەسێک گیانی لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش برینداربوون، یەکێک لە رووداوەکان لە نزیک گوندی سێوەن لەسەر رێگەی نێوان دووکان - کۆیە روویدا، بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل لە جۆری نیسان ئینفنتی و فۆرد، شوفێری یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکە بریندار بوون."
سەبارەت بە رووداوی دووەمیش، بەڕێوەبەری هاتووچۆی قەزای کۆیە گوتی، لەسەر رێگەی نێوان هیزووپ - رانیە بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێلەوە سێ کەس بریندار بوون.
بەڕێوەبەری هاتوچۆی قەزای کۆیە، ئاماژەی بەوەدا، کە بارانبارین و کەمبوونەوەی مەودای بینین و تیژڕۆیی لە هۆکارە دیارەکانی ئەو دوو رووداوەی هاتووچۆ بوون.
لە شەوی رابردووەوە شەپۆلێکی باران ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لە هەندێک شوێن بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەوە، ئاستەنگی هاتووچۆ دروستبوو، بە تایبەتی لە شاری هەولێر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ