رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران پێویستە. سکرتێری بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشوورییش دەڵێت، "گرنگە پێکهاتەکان سندووق و تۆماری دەنگدانی تایبەت بە خۆیان هەبێت."
رۆژی شەممە 15-04-2023 سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و یونادم یوسف کەنا، سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری، دوای رێوڕەسمی ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کورسیی کۆتاکان قسەیان کرد.
یونادم یوسف کەنا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا باس لە هەمواری یاسای هەڵبژاردن کرا و ئاماژە بەوە کرا، "دەبێت پێکهاتەکان پشتگیری بکرێن؛ دەبێت خاوەنی کورسیی کۆتا، خۆی نوێنەرەکەی هەڵبژێرێت، نەوەک ئەوەی بە دەنگی دەرەوەی پێکهاتەکان دەستنیشان بکرێت."
لایەنە سیاسییەکان لەسەر یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن تاڕادەیەک رێککەوتوون، بەڵام پرسی کورسیی کۆتاکان یەکلایی نەبووەتەوە.
یونامی لە 9ی نیساندا دوو پێشنیازی ئاراستەی یەکێتی و پارتی کرد؛ یەکەم، پێکهاتەکان بە یەک بازنە بەشداریی هەڵبژاردن بکەن و دووەم، بۆ دەرچوون لەو چەقبەستووییەی بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن دروستبووە، یەک کورسیی کریستیان و یەک تورکمان ئەمجارە بۆ پارێزگای سلێمانی بێت.
یونادم یوسف لەبارەی میکانیزمی بەشداریکردنی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردندا گوتی، "بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، دەبێت خاوەن کۆتا خۆی نوێنەری خۆی هەڵبژێرێت. پێمان باشە لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن بە یەک بازنە بکرێت، بەڵام سندووقی تایبەت و تۆماری دەنگدانی تایبەت بە پێکهاتەکان هەبێت و جگە لە پێکهاتەکان کەس دەنگ بە بەربژێرەکانیان نەدات."
سەعدی ئەحمەد پیرە لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران گرنگە و "ئەگەر گومانمان لە تۆماری دەنگدەران هەبێت، گومانێکی رەوایە، چونکە ئەوانەی کە دەنگیان بۆ پەرلەمانی عێراق دا، لەگەڵ ئەوانەی لە تۆماری دەنگدەران هەن کە دەنگ بۆ پەرلەمانی کوردستان بدەن، زیاتر لە 160 هەزار دەنگیان جیاوازی هەیە، ئەوەش چەند کورسییەک دەکات."
رۆژی 11-03-2023 بەشی هەڵبژاردنی پارتی و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی لەگەڵ دەزگە و مەکتەبی هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە و چەند بڕیارێکیان دەرکرد، یەکێک لەوانە لەبارەی تۆماری بایۆمەتری بوو، تێیدا هاتووە، "تۆماری بایۆمەتریی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێتە بنەما بە هەموو پێداویستییەکانییەوە."
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئەوەشی خستەڕوو، حیزبەکەی پێیوایە دەبێت کورسیی کۆتاکان بۆ نوێنەری پێکهاتەکان بێت و لەلایەن پێکهاتەکانیشەوە هەڵبژێردرێن، جەختی لە میکانیزمی فرەبازنەیی بۆ بەشداریکردنی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کردەوە.
رۆژی پێنجشەممە 13ی نیسان، ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان و ئانۆ جەوهەر وەک وەزیری پێکهاتەی کریستیان لەگەڵ نوێنەری یونامی لە شاری هەولێر سەبارەت بە شێوازی بەشداری پێكهاتەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دوو پێشنیاز لەلایەن پێکهاتەکانەوە بۆ یونامی هەبوو، یەکەم؛ بە یەک بازنەیی بەشداری لەهەڵبژاردندا دەکەن و لەنێو 11 کورسییەکەی پێکهاتەکان سازش لەسەر هیچ کورسییەک ناکەن. دووەم، داوای زیادکردنی کورسی پێكهاتەکان دەکەن و لە پەراوێزی زیادکردنەکەش، سازش لەسەر کورسییەکان دەکرێت.
بە گوتەی مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمانی، هەفتەی داهاتوو نوێنەرانی سەرجەم پێکهاتەکانی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ئەو پێشنیازانە کۆدەبنەوە و بە راپۆرتێکی نووسراو ئەنجامی کۆبوونەوەکە ئاراستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و یونامی دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ