رووداو دیجیتاڵ
بە خۆشحاڵییەوە لە رێگەی ئەم راگەیێندراوە رۆژنامەڤانییەوە رایدەگەیێنین کە تۆڕی میدیایی رووداو خەڵاتی زێڕینی ستیڤی بردەوە، وەک رێزلێنانێک لەکار و دەستکەوتەکانی رووداو لە بواری میدیا دا.
براوەکانی خەڵاتە زێڕینەکانی ستیڤی ئەمڕۆ لەلایەن لیژنەی هەڵسەنگاندنەوە راگەیێندران و رۆژی 13ـی ئۆکتۆبەر دابەش دەکرێن لە رێوڕەسمێکی گەورەدا لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا.
تۆڕی میدیایی رووداو لە سەرەتای دامەزراندنییەوە ئەو پابەندییەی خستووەتە ئەستۆی خۆی کە گۆڕانکاری لە میدیای کوردستان و ناوچەکەدا بکات، ئەوەشی زۆر بەسەرکەوتووییەوە جێبەجێکردووە و بەردەوامیش دەبێت. خەڵاتی زێڕینی ستیڤی پابەندبوونی پتەوی رووداو بە پەیڕەوکردنی ستاندەردی پیشەییبوون و نوێگەرییەوە دووپات دەکاتەوە.
هەوڵە بەردەوامەکانی رووداو بۆ پاڵپشتیکردن و پابەندبوون بە بەرزترین بەهاکانی رۆژنامەڤانی و جەختکردنەوەی لەسەر راستگۆیی و کاری نوێ، سرووشبەخشن بۆ دامەزراوە میدیاییەکان لە کوردستان، ناوچەکە و جیهان. ئەم خەڵاتە پێزانینی کاری دڵسۆزانە و پابەندبوونی ماندوونەناسانەی تەواوی ستافی رووداوە و ئاماژەیەکیشە بۆ پابەندبوونی هەموومان بە پرەنسیپەکان و بەها سەرەکییەکانی رۆژنامەڤانییەوە.
ئەم خەڵاتکردنەی رووداو کە لەسەر بنچینەی کاریگەری هەرسێ بەرنامەی (لەگەڵ رەنج) و (بەرپرسیار) و (دکتۆر ئاراس)، هەروەها بەهۆی فراوانی رووماڵ و بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانیەتی، خەڵاتە بۆ یەک بە یەکی هاوکارانی رووداو.
بەخشینی خەڵاتی کۆمپانیای ساڵ بە تۆڕی میدیایی رووداو دەستکەوتێکە و شانازی پێوە دەکەین. لە هەمان کاتدا سوورین لەسەر درێژەدان بە ئەرکەکەمان بۆ بەرەوپێشبردنی کاری میدیا و ئەنجامدانی پێشکەوتنی نوێ. خەڵاتی زێڕینی ستیڤی ئاماژەیەکە بۆ کاری هاوبەشی تۆڕەکەمان و پێکەوە کارکردنمان و هەوڵی هەر تاکێکیشمان ئەوەیە کاری باشتر لە چوارچێوەی رووداودا پێشکێش بکەین.
تۆڕی میدیایی رووداو سوپاسی متمانەی رێکخەران، ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگاندن و پاڵپشتیکارانی خەڵاتەکانی زێڕینی ستیڤی دەکات لە رێزگرتنیان لە هەوڵی بێ وچانی رووداو لە بواری میدیادا. ئەم خەڵاتە ئێمە بۆ باشترکردن و پیشەییبوونی زیاتری کاری میدیا و خزمەتکردنی زیاتری بینەران، بیسەران و خوێنەرانی رووداو هاندەدات.
تۆڕی میدیایی رووداو
14-8-2023
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ