بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
عەدنان رەشید
هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.
هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.
 
عومەر جەعفەر، سەرپەرشتیاری خێزانەکەیە و تەمەنی 35 ساڵە، سێ ساڵە تووشی شێرپەنجە بووە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "تەنیا داواکاریم لە خێرخوازان ئەوەیە هاوکاری منداڵەکانم بکەن و چاکببنەوە."
 
عومەر جەعفەر گرێی گۆشت لەسەر جەستەی دەردەکەون. منداڵەکانی نیشانە و پەڵەی سپی لەسەر پێستیان دەردەکەوێ. سازان تەمەنی حەوت ساڵە، رۆزا تەمەنی 4 ساڵە و محەممەد تەمەنی 10 مانگە، بەرپرسیارێتیی هەر چواریان کەوتووەتە سەر شانی کاژین ئەحمەد، هاوژینی عومەر.
 
ئەو خێزانە لە گەڕەکی گرێ مالتا لە دهۆک لە خانووی کرێی مانگانەی 300 هەزار دینار دەژین. کاژین ئەحمەد، دایکی سێ منداڵەکە، تەنیا کەسە لەناو خێزانەکەی ساخە، لە بەرنامەی بەرپرسیار گوتی: "دۆخم زۆر خراپە و هیچم لەدەست نایەت جگە لە گریان. کچە گەورەکەم فکری بەرەو خراپبوون دەچێ و ئێستا دایبی بۆ دادەنێم. گەیشتوومەتە دوا قۆناخی کەمدەرامەتی و بێتاقەتی. هیچ داواکاریم نییە تەنیا چارەسەریی منداڵەکان و هاوژینەکەم بکرێ."

 

 
نەخۆشییەکە کاریگەریی لەسەر مێشک، پێست، چاو، گوێ و دەروونی هەر چوار نەخۆش کردووە. سازان کچە گەورەی خێزانەکە تەمەنی 9 ساڵە، دایکی دەڵێت: "بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە هیچ شتێک فێرنەبووە، تەنیا بۆ رازیکردنی دڵی کچەکەم دەینرێنە قوتابخانە."
 
بەپێی راپۆرتی پزیشکی ئەو چوار نەخۆشە کە لە 26-08-2024 لەلایەن تەندروستیی دهۆکە ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی کراوە، هەر چوار نەخۆش سازان عومەر، رۆژان عومەر، محەممەد عومەر و باوکی منداڵەکان، تووشی نەخۆشیی" neurofibromatosis" بوونە و چارەسەرییان "تەنها لە دەرەوەی وڵات" هەیە. 
 
پزیشکی سێ منداڵەکە رەتیدەکاتەوە چارەسەریی بنبڕیان هەبێت. دکتۆر عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی گرێ و خوێنی منداڵان، کە لە بەرنامەی بەرپرسیار بەشداربوو، گوتی: "پشکنینی جینات تەنیا بۆ سازان کراوە و دەرکەوتووە شێرپەنجەی هەیە، بۆ دوو منداڵەکەی دیکە نەکراوە و بەپێی گەورەبوونی تەمەن نیشانەکانیان لێ دەردەکەوێ. چارەسەرییەکی بنبڕ نەدۆزراوەتەوە، بەلام لە دەرەوەی وڵات سەنتەری پێشکەوتوو هەیە و پێویستییان بەو سەنتەرە هەیە."
 
ئەو خێزانە هیچ مووچەیەک و داهاتێکیان نییە. بەهۆی کەمدەرامەتییەوە، خێزانەکە سێ کرێی خانوو قەرزارن. باوکەکە لە ماڵ کەوتووە و توانای کارکردنی لەدەستداوە. داوا لە خێرخوازان دەکەن هاوکارییان بکەن تاوەکو تەندروستییان چاکبێت و منداڵەکان لەو دۆخە تەندروستییە رزگار بکرێن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە