رووداو دیجیتاڵ
599 ئاوارەى کەمپێکى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان گەڕانەوە زێدى خۆیان لە نەینەوا و سەلاحەددین، 1700 ئاوارەى دیکە ناویان بۆ گەڕانەوە تۆمارکردووە.
ئەو ئاوارەنە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ى ئەیلوول لە کەمپى هەرشەم-ەوە گەڕاونەتەوە، هەندێکیان خەڵکى بەعاج، کەرامە، حەمدانیە، ترجلە، باشیک، بەرتەلە، سەلام، شنگال، ناوەندى موسڵ، لە نەینەوا بوون، ئاوارەکانى دیکە خەڵکى قەزاى بەلەد بوون لە پارێزگاى سەلاحەددین.
عەلى جیهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "دواى چەند رۆژێک لە گەڕانەوەى ئەو ئاوارانە و دڵنیابوون لە مانەوەیان، ئەو کۆمەکانەیان پێدەدرێت کە بەرانبەر گەڕانەوەیان وەریدەگرن.
وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران لە کاتى گەڕانەوەى هەر خێزانێکى ئاوارە بۆ زێدى خۆى، چوار ملیۆن دینار، تەباخ، بەفرگر و تەلەڤزیۆنێکیان پێدەدات."
گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق راگەیاند: "زیاتر لە 1700 ئاوارەى دیکەى نێو کەمپەکانى هەرێمى کوردستان ناوى خۆیان تۆمار کردووە بۆ گەڕانەوە."
11ـی تەممووز، کەمپى ئاوارەکانى ئاشتى لە پارێزگاى سلێمانى داخرا، دواى ئەوەى سەرجەم ئەو ئاوارانەى تێیدا بوون گەڕانەوە زێدى خۆیان، بەڵام لە کەمپەکانى هەولێر و دهۆک نزیکەى 30 هەزار خێزانى ئاوارە هەن، کە هێشتا نەگەڕاونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ