قایمقامی شارەزوور: قوتابخانەمان هەیە 97٪ی کارەکانی تەواوکراوە، بەڵام لەبەر پارەیەکی کەم راگیراوە

19-09-2024
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی قەزای شارەزوور رایگەیاند، قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینە گرفتی بۆ زۆرینەی پرۆژەکانیان دروستکردووە و راگیراون، تەنانەت پرۆژەیان هەیە 97٪ی تەواوکراوە بەڵام راگیراون. دەشڵێت، ئەم ساڵ تەنیا پرۆژەیەکی تۆڕی ئاو لە قەزاکە جێبەجێکراوە.
 
رزگار غەفوور، قایمقامی قەزای شارەزوور میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە کێشە و گرفتەکانی سنووری قەزای شارەزووری کردو رایگەیاند، قەیرانی دارایی و گرفتی نەختینەیی گرفتی گەورەی بۆ دروست کردووین، "بەجۆرێک زۆرینەی ئەو پرۆژانەی هەمانن بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە راگیراون".
 
قایمقامی قەزای شارەزوور ئاماژەی بەوەکرد، پرۆژەیەک کە زۆر دیاربێت، ئەم ساڵ جێبەجێیان کردبێت، پرۆژی تۆڕی ئاوی گەڕەکی هەواری شارە کە گوژمەکەی زیاتر لە 800 ملیۆن دینار بووە، گەڕەکەکە دەکەوێتە نێوان قەزای شارەزوور و ناحیەی زەڕایەن.
 
رزگار غەفوور، قایمقامی شارەزوور، ئەوەشی گوت کە پرۆژەیان هەیە رێژەی 97٪ی تەواوکراوە، بەڵام گرفتی نەختینە رایگرتووە، ئەمە جگە لە چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە گەڕەکەکان وەکو کۆنکرێتی شەقامە نێوخۆییەکان. گوتیشی "چەند پرۆژەیەکیشمان هەن لەسەر بوودجەی پترۆدۆلارن و هەفتەی پێشوو کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ لیژنەی تایبەتی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، بۆ ئەوەی پرۆژەکان بخرێنە سەر وەزارەتە جیاوازەکان".
 
پرۆژە راگیراوەکان ئەوانەن؛ ناوەندی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە شارەزوور، هەندێک کاری لێکرا بەڵام کارکردن تێیدا راگیراوە، پرۆژەی گەیاندنی خزمەتگوزاری ئاو و ئاوەڕۆ بۆ شووقەکان، کە لە 2014وە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دروستکراون، لەگەڵ نزیکەی چوار قوتابخانە، قایمقام دەڵێت "چونکە قوتابخانەمان هەن 97٪ی کارەکانی تەواوکراون، بەڵام راگیراوە لەبەر پارەیەکی کەم".
 
قایمقامی شارەزوور ئاماژەی بەوەشکرد، لەم وەرزی هاوینەدا زۆرتر سەرنجیان لەسەر پرۆژەکانی سێکتەری ئاو بووە، گوتیشی: "گەڕەکێکی نوێمان هەیە و بەهۆی نەبوونی تۆڕی ئاو بە تانکەر ئاویان بۆ دابین دەکەین".
 
لە قەزاکەدا، هاوشێوەی زۆر قەزا و ناحیە لە کوردستان، گەڕەکی زێدەڕۆ دروستکراون، لەبارەی تاپۆکردنی گەڕەکە زێدەڕۆکان، رزگار غەفوور دەڵێت، هەر گەڕەکێک نەخشەی تەواوکرابێت و کێشەی نەبووبێت، بۆیان جێبەجێکراوە. ئەوەی گرفتی نەخشەی هەیە شارۆچکەی نەسرە، بەڵام هاونیشتمانیان مامەڵەکانیان پێشکێشکردووەو لێیان وەرگیراوە تاوەکو بابەتی نەخشەکەیان تەواو دەبێت.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە، زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەدا دابەش بکات، کە پێشتر سوودمەند نەبوونە، بۆیە لە هەموو پارێزگا و قەزا و ناحیەکاندا ناونووسینی فەرمانبەران دەستی پێکردووە، لەبارەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، قایمقامی قەزاکە دەڵێت، لەسنووری شارەزوور، پێویستمان بە جیاکردنەوەی زەوی دەبێت و بۆ ئەوەش بابەتی قەرەبووی خاوەن زەوییەکان دەبێت چارەسەر بکرێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.