رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت دەڵێت، ئەمڕۆ رۆحی پێنج هەزار خنکاو ئاسوودە بوو، هیواداریشە ئەو تەباییەی لە کاتی دەنگدان بە پرۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە بینرا، ببێتە هەوێنی یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەکان.
رۆژی دووشەممە، 14ی نیسانی 2025، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت بە بۆنەی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە دەستخۆشی لە سەرۆککۆمار و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، سەرجەم فراکسیۆنەکانی عێراق و کوردستان، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، کە رۆڵیان هەبووە لە تێپەڕاندنی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە.
پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ رووحی پێنج هەزار خنکاو ئاسوودە بوو، ئەمەش بە هەوڵی و یەکدەنگی فراکسیۆنە کوردییەکان بوو، کە جوانترین هەڵوێست بوو، هیوادارم هەڵەبجە ببێتە هەوێن و نموونەی یەکڕیزی بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان، لە داهاتووش بە یەکڕیزی لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان کار بکەن."
ئەمڕۆ دووشەممە 14-04-2025 پرۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق پەسندکرا. فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەدوای تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان ساز کرد.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند: "بەشێکی فراکسیۆنی عەرەبییەکانیش پشتیوان بوون لە پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە."
موسەنا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق گوتی: "هەموو فراکسیۆنەکان رۆڵی باشیان لە پەسنکردنی پڕۆژەیاساکەدا هەبوو."
هاوکات، هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند: "سەرەڕای رێگریی بەشێک لە فراکسیۆنەکان، هەڵەبجە بووە پارێزگا."
پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت گوتی: ئێستا دڵ و دەروونی هەموومان ئاسوودە بوو، لە دوو ساڵی رابردوو ئێمە لە بارودۆخێکی دەروونیی ناجێگیردا بووین، سەرەڕای ئەوەی ئەمڕۆ دڵگران بووین بۆ یادی ئەنفال، بەڵام دڵنیام ئێستا کەمێک خەمی کەسوکاری ئەنفالکراوان و شەهیدان کەمبووەتەوە."
سەبارەت بە کاری داهاتوویان بۆ هەڵەبجە، نوخشە ناسیح گوتی: "لەڕووی کارگێڕی و داراییەوە شایستەی خۆمان هەیه، شان بەشانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوونی بۆ دەکەین و مافی خۆمان بەدەست دەهێنین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ