رووداو دیجیتاڵ
بە سەدان بارهەڵگر چوار رۆژە هەندێک بەبارەوە و هەندێکی دیکە لە چاوەڕوانی باردا، خۆپێشاندانی پێنجوێن رایگرتوون.
لە چەند شوێنێک ناڕازییەکان بەربەستی گڵیان لەسەر رێگەکان داناوە. پەیامنێری رووداو چووەتە باشماخ، یەکێک لە سێ دەروازە گەورەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران.
ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو ئەو شۆفێرانە دەدوێنێت کە چەند شەوێک لەسەر کوشنی بارهەڵگرەکانیان رۆژیان کردووەتەوە.
خەبات محەممەد، شۆفێرى بارهەڵگرێکە و دەڵێت: "چوار رۆژە لێرە ماوینەتەوە، رێگە نییە دەربچین، خواردنمان نانى وشکە، دووکان و بازاڕ داخراون."
حەسەن تاهیر، شۆفێرى بارهەڵگرێکی دیکەیە و دەڵێت: "تەنیا کۆمپانیاکەى ئێمە کە کارى قیر دەکات 30 ئۆتۆمبێلی وەستاون؛ بە گشتى زیاد لە هەزار ئۆتۆمبێلین کە رێگەمان گیراوە."
عەبدوڵڵا ساڵح، شۆفێرى بارهەڵگرێکە و گوتی، "ئێمە چ تاوانێکمان هەیە لەناو ئۆتۆمبێل بمێنینەوە، بێ بەنزین و بێ حاڵ و بێ گوزەران؛ داواکارم حکومەت ئەم کێشەیە یەکلایی بکاتەوە."
پێنجوێنییەکان دەڵێن: رێگە بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە باشماخ و سەیرانبەن نادەین، تاوەکو کارەباکەمان چارەسەر نەکرێت.
بڕوا رەحیم، خۆپێشاندەرێکە و دەڵێت: "داواکارم لە کاک بافڵ خۆى بێتە سەرهێڵ و ئەم کێشەیە چارەسەر بکات، یان بڵێت بەدەست ئێمە نییە و بۆ ئەوەى ئێمەش بچین روو لەلایەنێکى دیکە بکەین. ماڵەکەى مام جەلال لە بلکیان کارەباى نییە."
جەبار حەسەن، خۆپێشاندەرێکی دیکەیە و دەڵێت: "ئێمە جگە لە کارەبا کێشەى بێ کارى گەنجەکانمان هەیە، پێنجوێن تەنیا بە کەرتى گەشتیارییەکەى، ئەگەر حیزب دەستوەرنەدات، دەتوانێت گەشتیار لە موسڵ و بەسرەوە بهێنێت."
بەپێی ماڵپەری شەفافییەت کە داهاتی سنووری سلێمانی و دەوروبەری دەخاتەڕوو، لە چوار رۆژ پێش خۆپێشاندانەکانی پێنجوێن 14 ملیار دینار داهات کۆکراوەتەوە، بەڵام لە چوار رۆژی خۆپێشاندانەکاندا کەمبووەتەوە بۆ نزیک بە 7 ملیار دینار و بەشێک لە داهاتە کەمبووەکە پەیوەندی بە پچڕانی ئاڵوگۆڕ لە رێگەی باشماخ و سەیرانبەنەوە هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ