رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، ئەوان داوای دەسەڵاتێکی خۆجێیی دەکەن و ئەم بابەتە لەگەڵ دیمەشق باس دەکەن.
مەزڵووم عەبدی، ئەمڕۆ شەممە بە رۆژنامەی ئەلمۆنیتەری راگەیاند، کۆنگرەیەک دەبەسترێت بۆ داڕشتنی هەڵوێستێکی سیاسیی هاوبەش لەنێوان هەموو پارتە کوردییەکان و، پێکهێنانی شاندێکی هاوبەش کە نوێنەرایەتیی ناوچەکەیان بکات لە دانوستاندنەکان لەگەڵ دیمەشق.
مەزڵووم عەبدی هەروەها رایگەیاند، رێککەوتن لەسەر گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەب "زۆر گرنگە، بەڵام ئەو رێککەوتنە کاتییە تاوەکو لەگەڵ دیمەشق دەگەینە رێککەوتنێکی کۆتایی."
سەبارەت بە رێککەوتن لەسەر بەنداوی تشرین، مەزڵووم عەبدی گوتی: "بەشێک لەو رێککەوتنە پەیوەندیدارە بە بەنداوەکە، بەشێکیشی سەربازییە. بەڵام بەپێی رێککەوتنەکە لەگەڵ دیمەشق، بەڕێوەبەرایەتیی بەنداو و ستافەکەی هەر وەکو خۆی دەمێنێتەوە."
مەزڵووم عەبدی هەروەها دەڵێت: "تورکیا لە لێدوانە فەرمییەکانی خۆیدا سەبارەت بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، زمانێکی مامناوەندتر بەکاردەهێنێت و هەسەدە هەستی بەوە کردووە کە قبووڵکردنێک هەیە سەبارەت بە بەشداریکردنی هەسەدە و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە دەوڵەتی سووریا".
فەرماندەی هەسەدە هەروەها گوتی: "داوا دەکەین ناسنامەی هەسەدە لەناو ریزەکانی سوپای نیشتمانیی سووریا پارێزراو بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ