لە پارێزگای هەڵەبجە وەک یەکەم شوێن کۆبۆنی خۆراک دەکرێتە ئەلیکترۆنی

12-04-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری بەشەخۆراکی هەڵەبجە دەڵێت، عێراق فۆڕمێکی خۆراکی بۆ ناردوون و لە هەفتەی داهاتوودا ئەپلیکەیشنەکە چالاک دەبێت بۆ نوێکردنەوەی زانیارییەکانی بەشەخۆراکی مانگانەی هاونیشتمانییان.

رۆژی شەممە، 12ـی نیسانی 2025، مەریوان هادی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەڵەبجە پارێزگایەکی بچووکە، سەرەتا پرۆسەکە لێرە دەستپێدەکات. هەر کەسێکیش کارتی نیشتمانی نەبێت، بەشەخۆراکی مانگانە وەرناگرێت."
 
وەکو بەڕێوەبەری بەشەخۆراکی هەڵەبجە دەڵێت، "فۆڕمەکە زیاتر لە 500 پرسیاری تێدایە، هەفتەی داهاتوو ئەپلیکەیشنەکە چالاک دەبێت بۆ نوێکردنەوەی زانیارییەکان، دواتر لە رێگەی ئەپلیکەیشنەوە بەشەخۆراکی مانگانە وەردەگیرێت."
 
بڕیارەکە بۆ تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستانە. بەڕێوەبەری بەشەخۆراکی هەڵەبجە گوتی، "هەڵەبجە وەکو یەکەم پارێزگا دەستیپێکرد، ئامادەکاریمان کردووە و هەموو داواکارییەکانی بەغدامان جێبەجێ کردوون. لە ماوەی یەک هەفتە بۆ دوو هەفتەی دیکەدا لە هەموو هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات."
 
لە پارێزگای هەڵەبجە 250 بریکاری خۆراک هەن. بە گوتەی مەریوان هادی، "لە پارێزگای هەڵەبجە نزیکەی 120 هەزار کەس مانگانە لە رێگەی فۆرمی خۆراکەوە بەشەخۆراک وەردەگرن."
 
هاوکات سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر بە رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمیمان پێنەگەیشتووە، بۆ ئەوەی دەست بە ئامادەکارییەکان بکەین."
 
حکومەتی عێراق بڕیاری داوە، ئەوەی کارتی نیشتمانی نەبێت، بەشەخۆراکەکەی دەبڕدرێت، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر دەڵێت، "ئەمە بۆ سەلماندنی بوونی ئەو کەسەیە کە بەشەخۆراک وەردەگرێت تاوەکو بریکارەکان نەتوانن بەشەخۆراکی هاووڵاتیان ببەن، هەروەها راگرتنی بەشەخۆراکی ئەوانەی کارتی نیشتمانییان نییە کاتی دەبێت و هەرکات کارتەکەیان دەرهێنا، بەشەخۆراکەکەی بۆ دەگەڕێندرێتەوە."
 
لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس مانگانە لە رێگەی فۆرمی خۆراکەوە بەشەخۆراک وەردەگرن؛ لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە یەک ملیۆن و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە یەک ملیۆن و 320 هەزار کەس.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە