زیندووکردنەوەى بڕیارێکى 11 ساڵ لەمەوبەرى عێراق دوو قەزاى کوردستانى دادەبڕێت

21-04-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شنگال و خورماتوو کەوتوونەتە بەر نەشتەرى دابڕانێکى دیکە، ئەوەش بەهۆى زیندووکردنەوەى بڕیارێکى 11 ساڵ لەمەوبەرى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، بۆئەوەى بکرێن بە دوو پارێزگاى نوێ.
 
چیرۆکەکە لە 14ى نیسانى 2025 دەستیپێکرد، لەگەڵ دەنگدان بە بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە، داواکارییەک درایە سەرۆکایەتیى پەرلەمان بۆئەوەى پرسی بەپارێزگاکردنى قەزاى تەلەعفەر لە سنوورى پارێزگاى نەینەوا تاوتوێ بکرێت.
 
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمان بە رووداوى گوت، "داواکارییەکە دەنگى بەدەستهێنا، بەڵام بەهۆى پشێوییەوە بەپارێزگاکردنى تەلەعفەر تاوتوێ نەکرا."
 
ئەو نەخشەیەى دیاریکراوە بۆ بەپارێزگاکردنى تەلەعفەر، ئەو قەزایە و چوار ناحیەکەى ئێستاى دەگرێتەوە، قەزاى شنگالیش دەخرێتە سەرى کە ناوچەیەکى کوردستانییە و بەگوێرەى مادەى 140ى دەستوور خاوەندارێتیى لەنێوان هەولێر و بەغدا یەکلانەبووەتەوە.
 
ناوەندى قەزاى تەلەعفەر زۆرینە تورکمانى شیعەن، ناحیەکانى بریتین لە رەبیعە (زۆرینە سوننە)، زوممار (زۆرینە کورد)، عەیازییە (فرە پێکهاتە)، قەزاى شنگال کە هەوڵ دەدرێت بخرێتە سەر تەلەعفەر، کە زۆرینەى دانیشتووانى کوردى موسڵمان و ئێزدین.
 
دواى ئەو داوایە، 14ى نیسان پارتى سەروەری و هاوپەیمانیى عەزم، کە دوو لایەنى سوننەن، لە دژى هەڵوێستیان وەرگرت، کە شیعەکان لەپشتیەوە بوون.
 
ناڕەزایەتیی سوننەکان لە دژى بچووککردنەوەى نەینەوایە، کە بە 37.2 هەزار کیلۆمەتر سێیەم گەورەترین پارێزگاى عێراقە، ئەگەر تەلەعفەر بە شنگالەوە بکرێتە پارێزگا، 7.3 هەزار کیلۆمەتر لە نەینەوا جیادەکاتەوە.
 
 
کوردۆ عومەر، جێگرى سەرۆکى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمان، لەکاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى "رووداوى عێراق" ئاماژەى بەوە دا، لە یاسای پارێزگاکانى عێراق ئاماژەیەکى روونى تێدا نییە بۆ دروستکردنى پارێزگاى نوێ و تەنیا دەتوانن ناحیە بکەنە قەزا، دەبێت ئەنجوومەنى وەزیران پڕۆژە بۆ ئەو مەبەستە رەوانەى پەرلەمان بکات.
 
ئەوەى پرسى پێکهێنانى پارێزگاى نوێى ئاڵۆزتر کرد، داواکاریى بەرەى تورکمانى عێراق بوو لە 15ی نیسان، بۆئەوەى قەزاى خورماتوو بکرێتە پارێزگا. محەممەد سەمعان، سەرۆکى بەرەکە لە راگەیێندراوێکدا بە پاساوى "چەسپاندنى لامەرکەزى" ئەو داوایەى کرد.
 
خورماتوو، کە ئێستا لە سنوورى پارێزگاى سەلاحەدینە، ناوچەیەکى کوردستانییە بەگوێرەى مادەى 140، تاوەکو ساڵى 1976 لەسەر پارێزگاى کەرکووک بوو، دەسەڵاتى پێشووى عێراق دایبڕى و خستیە سەر سەلاحەدین.
 
لە 21ى کانوونى یەکەمى 2014، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، کە ئەوکات نوورى مالیکى سەرۆکایەتیى دەکرد، بڕیاری دا چوار پارێزگاى نوێ لە عێراق دروست بکرێن، جگە لە تەلەعفەر و خورماتوو، ئەوانى دیکە قەزاى فەلـلوجە لە ئەنبار و دەشتى نەینەوا بوون.
 
جێگرى سەرۆکى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمانى عێراق گوتى، "ئەو پەرلەمانتارانەى داواى بەپارێزگاکردنى تەلەعفەر دەکەن، بە فەرمى لەڕێگەى سەرۆکایەتیى پەرلەمانەوە داواکارییان ئاراستەى ئەنجوومەنى وەزیران کرد، کە ئایا لەسەر ئەو بڕیارەى پێشوو ماون یان پڕۆژەیاسای نوێ دەنێرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامى نییە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە