رووداو دیجیتاڵ
ئەم ساڵ چاندنی برنج لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان قەدەخە کرا. بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی پارێزگاکەش دەڵێت، بڕیارەکە بەهۆی کێشەی کەمئاوییەوە دراوە.
رۆژی یەکشەممە 20ی نیسانی 2025 بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، ئەم ساڵ چاندنی برنج لە تەواوی شارەکانی پارێزگاکە قەدەخەیە و جووتیاران لەوە ئاگادار کراون.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی پارێزگای ئیلام دەڵێت، "بە پشتبەستن بە مادەی یەک لە یاسای دابەشکردنی دادپەروەرانەی ئاو و بڕیارەکانی لیژنەکانی خۆگونجاندن لەگەڵ کەمئاوی لەسەر ئاستی نیشتمانی و پارێزگاکە، بە لەبەرچاوگرتنی کەمبوونەوەی ئاوی رووبارەکان و دابەزینی ئاستی ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی لە پارێزگاکەدا، پێویستە هەموو بەکارهێنەرانی سەرچاوە ئاوییەکان خۆیان بەدوور بگرن لە چاندنی ئەو بەروبوومانەی ئاوی زۆریان دەوێ، وەکو برنج."
بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداری دەداتە جووتیاران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای ئیلام و دەڵێت، لە ئەگەری پشتگوێخستنی بڕیارەکە و هەر جۆرە سەرپێچییەک، بەپێی یاسا و لە رێگەی دەسەڵاتی دادوەرییەوە لێپێچینەوە لەگەڵ سەرپێچیکاران دەکرێت.
ساڵانە لە رووبەری نێوان 3000 تاوەکو 5000 هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، دەکرێتە برنج.
لە پارێزگای ئیلام زیاتر دوو جۆری برنجی عەنبەر و شمشێری دەچێندرێن، هەروەها زیاترین رووبەری چێندراو بە برنجیش دەکەوێتە سنووری شاری چەرداوڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ